زانیاری نوێ لەبارەی ئەو پیاوەی لە ژێر ئەشکەنجەدا دانی بە کوشتنی هاوسەرەکەیدا نابوو

‌تۆمەتبارەکە لەبەردەم پۆلیس

وێستگه‌ نیوز ـ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق زانیاری نوێ لەبارەی ئەو پیاوە ئاشكرادەکات کە لە پارێزگای بابل بە تۆمەتی کوشتنی هاوسەرەکەی دەستگیرکرابوو، بەڵام دواتر ئاشكراببوو کە هاوسه‌ره‌كه‌ی لە ژیاندایە و له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا ئه‌و دانپیادانانه‌ی كردووه‌.



سەرچاوەکە بە شەفەق نیوزی راگەیاندووە، بە فەرمانی فەریقی یەکەم، ئەحمەد ئەبوو رەغیف لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنرا کە پیاوێک بەبێ بەڵگە لەسەر تاوانی کوشتنی هاوسەرەکەی سزادرابوو و لە ژێر ئەشکەنجەدا دانی نابوو بە تاوانەکەیدا.

سه‌رچاوه‌كه‌ باسی له‌وه‌شكردووه‌، "لیژنەی لێکۆڵینەوە بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوانی پارێزگای بابل، هەروەها سەرجەم ئەو ئەفسەرانەی دۆسیەکەیان وەرگرتووە و لە ژێر ئەشکەنجەدا فشاریان لە پیاوەکە کردووە کە دان بنێت بە تاوانێکدا کە نەیکردووە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت".

له‌ رۆژانی رابردوودا، گرتە ڤیدیۆی پیاوێکی دانیشتووی پارێزگای بابل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە کە لە ژێر ئەشكەنجەدا دانی نابوو بەوەی کە هاوسەرەکەی کوشتووە و دواتر تەرمەکەی سوتاندووە و فڕێی داوەتە رووبارەی فوڕاتەوە، کە بەو تۆمەتە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام دواتر ئاشکرابوو کە هاوسەرەکەی لە ژیاندایە و بەهۆی کێشەی خێزانی بەجێی هێشتووە.


AM:10:19:23/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 2644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت