عێراق وردەکاری بودجەی 2022 ئاشکرا دەکات


وێستگە نیوز-

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە پرۆژەیاسای بودجەی 2022 بەرمیلێک نەوت بە 50 دۆلار دەخەمڵێنرێت و کورتهێنانیش نزیکەی 20٪ دەبێت.

ماهر حەماد جۆهان بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بە ئامانجی ئامادەکردنی رەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی 2022 کۆبوونەوەیەکیان بە سەرپەرشتی وەزیری دارایی ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشدا، دوای ئامادەکردنی رەشنوسی پرۆژەیاساکە، دەدرێتە لیژنەی ستراتیجی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.

لەبارەی نرخی بەرمیلێک نەوت لە پرۆژەیاسای بودجەی 2022 ئەوەی خستەڕوو، نرخی بەرمیلێک نەوت بە 50 دۆلار خەمڵێنراوە و ئەمەش دەکرێت بەرز و نزمی تێدابکرێت.

ماهر حەماد جۆهان وتیشی، کۆی قەبارەی بودجەی خەمڵێنراو لە نێوان 120 بۆ 140 ترلیۆن دینار دەبێت، "ئەمەش ژمارەیەکی ئێجگار گەورەیە."

لەبارەی رێژەی کورتهێنانی بودجەشەوە، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرایکرد، رێژەی کورتهێنان لە بودجەدا 20٪ کەمترنابێت، ئەمەش لەسەر بنەمای خستنەبازاڕ و داهاتەکانەوە لە باشترین دۆخدا دانراوە.


PM:07:02:09/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 1284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو