هەڵکەندنی بیرێکی ئاو پیاوێک دەکات بە خاوەنی ملیۆنان دۆلار

‌دیمەنێک لە رووداوی دۆزینەوەی یاقوتەکە

وێستگە نیوز-

پیاوێک لە سریلانکا بەشێوەی ڕێکەوت دەبێتە خاوەنی ملیۆنان دۆلار، دوای ئەوەی لەنێو باخچەی ماڵەکەیدا بەردێکی گەورە دەدۆزێتەوە و دوای بەدواداچوون، دەردەکەوێت یاقوتی شینە و نرخێکی خەیاڵی هەیە.


بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەری سکای نیوز عەرەبی، چەند کرێکارێک لە باخچەی ماڵی پیاوێکی هەژاردا سەرقاڵی هەڵکەندنی بیرێکن بۆ دەستکەوتنی ئاوی سازگار، بەڵام لەناکاو چاویان بە پارچە بەردێکی گەورە دەکەوێت و هەمویان کۆکن لەسەرئەوەی کە بەردێکی بەنرخە و جیاوازە لە بەردێکی ئاسایی.

هەڵکەندنی ئەو بیرە و دۆزینەوەی بەردەکە لە ماڵێکدا بوە لە شاری (ڕاتنابۆرا) لە سریلانکا، بەو هۆیەوە تیمێک لە شارەزایانی بواری شوێنەوار و زانایانی ژیانی دەریاکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردوە.

دوای لێکۆڵینەوەی ورد و زانستی، لەلایەن ئەو تیمەوە بۆیان دەردەکەوێت کە پارچە بەردەکە یاقوتی شینە و دەستبەجێ بۆ بانکێک لە شاری کۆڵۆمبۆ دەیگوازنەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لێبکەن.

کێشی بەردەکە 510 کیلۆگرام بووە و بەپێی وتەی شارەزایان، نرخەکەی دەگاتە 72 ملیۆن جونیەی ئیستەرلینی.

ڕۆژنامەی زە سەنی بەریتانی چاوپێکەوتنی لەگەڵ خاوەنی ماڵەکە کردوە کە پیاوێکە بەناوی (جاماجی) دەڵێت "کاتێک ئەو کرێکارانە لە باخچەی ماڵەکەمەدا سەرقاڵی هەڵکەندنی بیرەکە بوون، چەند پارچە بەردێکیان دۆزیەوە کە تیشکێکی جوان گەشاوەی لێدەکەوتەوە، هەربۆیە هەموان بەسەرسامییەوە لێیمان دەڕوانی، بەڵام دواتر و لەناکاو ئەو بەردە گەورەیە خۆی نیشانداین".

لەلایەکی دیکەوە دەستەی نیشتمانی بۆ بەردە بەنرخ و گەوهەرەکان لە سریلانکا بۆ ڕۆژنامە بەریتانییەکە ڕایانگەیاندوە کە نیگەرانن لەوەی خەڵکی نزیک لەو ناوچەیە زەوییەکان هەڵبکەنن و بەدوای بەردی هاوشێوەدا بگەڕێن، کە ڕەنگە ئەو کردەوەیە زیانی گەورەی هەبێت.

لەلایەکی دیکەوە ئەو دەستەیە ئاماژەیان بەوە کردوە دۆزینەوەی ئەو یاقوتە شینە تائێستا گەورەترینە لە جیهاندا، لەبەرئەوەی درێژییەکەی دەگاتە 100 سانتیمەتر و پانییەکەی 72 سانتیمەترە و بەرزییەکەی لە 50 سانتیمەتردا خۆی دەبینێتەوە.

دکتۆرە (جامینی زویسا) کە یەکێکە لە زانا بەناوبانگ و شارەزاکانی بەردە بەنرخ و گەورهەرەکان لە سریلانکا وتویەتی "تەمەنی ئەو بەردە یان ئەو یاقوتە شینە نزیکەی 400 ملیۆن ساڵ دەبێت".



PM:07:13:28/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 2352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو