دژەتیرۆری یەکێتی: ئەفسەرمان بەناوی زاگرۆس جەوهەر نییە


وێستگه‌ نیوز-
نووسینگەی راگەیاندنی دەزگای دژەتیرۆر کە سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە وێنەی کەسێکی بڵاوکردووەتەوە و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەوان هیچ ئەفسەر و کارمەندێکیان بەناوی زاگرۆس جەوهەر سدیق نییە و ئەوەی "کەسێکی گوماناوی" بڵاویکردووەتەوە، هەوڵی زڕاندنی ناوی دەزگاکەمانە.
 
لە روونکردنەوەیەکدا، نووسینگەی راگەیاندنی دەزگای دژەتیرۆر رایگه‌یاندووه‌، بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە "بە پلانی پێشوەختەی دەزگایەکی هەواڵگری" بووە و ئەو کەسەی دەنگۆکانیشی بڵاوکردووەتەوە بە کەسێکی "گوماناو و سیخوڕ" ناوبردووە. 
 
دەزگای دژەتیرۆر له‌ روونکردنەوەکە راشیگه‌یاند، "بە پشتبەستن بە بەڵگەکانی بەردەستمان" بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، "بە هەموو لایەك رادەگەیەیێنین، دەزگای دژەتیرۆر هیچ کارمەند و ئەفسەرێکی نییه به ناوی زاگرۆس جەوهەر سدیق. ئەو ناسنامانەش کە بەناوی ناوبراوەوه بڵاوكراونەتەوه و گوایە ئەفسەره له دەزگەکەمان، بەڕوونی دیاره که ناسنامەی دروستکراوی ساختەن."
 
لە روونکردنەوەکەی دەزگای دژەتیرۆردا باس لەوە کراوە، لە رێگەی ناوەندی یاسایی تایبەتمەندەوە، سکاڵایان لەسەر ئەو کەسە [ناوی هیچ کەسێک نەهێندراوە] تۆمارکردووە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی "به پلانی پێشوەخته و بەهۆی پێداگریی چەندجارەوه، هەوڵی زڕاندنی ناوی دەزگاکەمان دەدات. ئێمه بەڵێنمان له لایەنه یاساییه دەرەكییه پەیوەندیدارەکان وەرگرتووه که بەمزوانه لەو ناوچەیەی تیێدا دەژی، دەستی یاسا بگەیێننە سەری."
 
لەدوای کوژرانی هونەرمەند جوانڕۆ باڵەبان لە هەولێر، لە سۆشیاڵمیدیا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە کەسێک بەناوی "زاگرۆس جەوهەر" دەستی هەیە لە کوشتنەکەیدا. 


PM:05:14:24/06/2021




ئه‌م بابه‌ته 13056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو