بەهۆی لێکچوونی ناوەکانیان هەزاران عێراقی بێ تاوان لە زیندانەکاندان

‌دیمەنێک لە زیندانی بادوش لە موسڵ

وێستگە نیوز-

ئەندامێکی لیژنەی ئەمنی و بەرگری پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی لێکچوونی ناوەکانیان هەزاران گەنج بە تۆمەتی تیرۆر و ئەنجامدانی تاوان بێ ئەوەی هیچ تاوانێکیشیان ئەنجامدابێت لە زیندانەکاندان.


بەدر زیادی ئەندامی لیژنەی ئەمنی و بەرگری پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ئەم دۆسیەیە بەتایبەتی لەو پارێزگایانەی پێشتر لەلایەن داعشەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو.

لای خۆشییەوە، خالید مەحنا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی لێکچوونی ناوی سیانییەوە بەشێک لە گەنجانی عێراق گرفتیان بۆ دروستبووە لەگەڵ ناوی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن، دەشڵێت، ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان لە فڕۆکەخانەکان روبەڕوی لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی زۆر دەبنەوە و ئەمەش گرفتی بۆ دروستکردوون.

راشیگەیاندووە، لە ئێستادا هێزەکانیان لەسەر داوای دادوەر پشت بە ناوی چواری و ناوی دایک و رێکەوتی لە دایکبوون دەبەستن لەکاتی جێبەجێکردنی دەستگیرکردنی هەر کەسێکی گوماناوی.

وتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی لەوەشکرد، کارتی نیشتیمانی یەکگرتوو بۆ هاوڵاتیانی وڵات تەواو نەبووە تا یارمەتیدەربێت لەبارەی کۆتای پێهێنانی ئەم گرفتە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی لێکچوونی ناوی سیانی زۆربەی گەنجانی عێراق چەندین گەنج لە بری تۆمەتبارە سەرەکییەکان دەستگیرکراون و بەگوێرەی هەندێک ئاماری نافەرمیش نزیکەی 15 هەزار زیندانی لە موسڵ، بێ ئەوەی هیچ تاوانێکی ئەنجامدابێت دەستگیرکراون.


PM:11:07:23/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 3904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو