لێدوانی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ به‌بێ لێبڕین


وێستگه‌ نیوز ـ
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هیوادارن بەمنزیکانە عیراق بەشە بودجەی هەریمی کوردستان بنێرێت و ئاشكراشی ده‌كات، لەدوای ناردنی بودجەکە پێویستیان بەوەیە زیاتر بەرچاویان روون بێتەوە بۆ ئەوەی بزانن دەتوانن لێبڕینی مووچە لابدەن یاخود نا.   


جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

لە هەفتەی رابردوودا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکی نێوان هەرێم و بەغدای راگەیاند بۆ ناردنی بڕێک پارە وەک پشکی هەرێم بۆ شەش مانگی رابردوو کە بڕەکەی ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار بوو، دواتریش ناردنی 200 ملیاری مانگانە.  

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی نزیک لە پارتی راگەیاند: "تائێستا ئەو بڕە پارەیەی کە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاری ناردنی لێداوە نەنێردراوە و هیوادارین بەمنزیکانە بینێرن".  

لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا بە هاتنی پارەکە لێبڕینی مووچە کۆتایی دێت، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند: "ئێمە ئێستا چاوەڕێی ناردنی پارەکە دەکەین، دواتر بەپێی ئەو داهاتەی لە بەردەستماندایە و ئەو وردەکارییانەی کە هەیە لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەوبارەیەوە دەدرێت، چونکە پێویستمان بە بەرچاوڕوونی زیاترە".  

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە مووچە سەد لە سەد بدرێت، بەڵام ئەو دۆخەی کە دروست بووە وای کردووە بەوشێوەیە مووچە دابەش بکرێت، دواتر کاری ئێمە تەنها مووچە نییە و زۆر خزمەتگوزاری دیکەی وەک رێگاوبان و کارەبا و ئاو بۆ هاووڵاتیان دابین دەکەین کە بەشێکە لە ئەرکی حکومەت".  

لەبارەی ئەوە دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگەش بە لێبڕینەوە دەبێت، جوتیار عادل باسی لەوەکرد، "تائێستا دیارنییە مووچەی ئەم مانگە چۆن و بە چ میکانیزمێک دیاریدەکرێت و لە رۆژانی داهاتوودا بڕیار لەوبارەیەوە دەدرێت". 


PM:02:17:20/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 47548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت