نەتەوەیەکگرتوەکان بڕە پارەیەك دەدات بەم هاوڵاتیانەی هەرێم


وێستگە نیوز-
رێکخراوی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان رایدەگەیەنێت، پلانیان هەیە لە ماوەی ئەمساڵدا هاوکاری نزیکەی850 هەزار هاوڵاتی بکەن لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەشدەكات، مانگانە چوار ملیۆن دۆلار دەدەن بەو خێزانانەی پێویستیان بە هاوکارییە.

عەبدولڕەحمان میجاج پەیکی رێکخراوی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، "بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا کارێکی دڵتەزێن و مایەی نیگەرانیە و ئەمەش وایکردووە چەندین خێزان پێویستیان بە هاوکاری بێت لەم کاتەدا."

بە پێی وتەی پەیکی رێکخراوی خۆراکی جیهانی، "بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە عێراقدا رێژەی هەژاری بەرزکردووەتەوە، بە جۆرێک لە ئێستادا گەیشتووەتە ٣١.٧٪."

عەبدولڕەحمان میجاج ، ئاماژەی بەوەشكرد، بەکۆی گشتی نزیکەی چوار ملیۆن دۆلار لەلایەن رێکخراوی خۆراکی جیهانییەوە مانگانە دەدرێت بەو خێزانە هەژارانەی کە پێویستیان بە هاوکارییە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە بەشێکی دیکەی ئەو هاوکارییە وەکو سەبەتەی خۆراک دابەشدەکرێت جگە لە هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران بە گۆژمە پارەیەک بۆ ئەوەی بتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان جێبەجێبکەن.


PM:09:55:19/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 20204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت