بانکی ناوەندی لەبارەى بەرزکردنەوەى نرخی دۆلار ڕوونکردنەوە دەدات




وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی دەنگۆیەک بەناوی ئیحسان شەمران یاسری، پارێزگای بانکی ناوەندی بڵاوکرایەوە کە باسی لەوەکردبێت  نرخی ڕاستەقینەی دۆلارێک دوو هەزار و 400 دینارە، بانکی ناوەندیی عێراق  دەنگۆکە و ناوەڕۆکی زانیارییەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، "ئەوانەی ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکەنەوە دژی ئەوەن ڕێڕەوی ئابوریی عێراق بە باشی بڕوات".

بانکی ناوەندیی عێراق لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، ئیحسان شەمران یاسری، پارێزگای بانکی ناوەندی لێدوانێک ڕەت دەکاتەوە کە بەناوییەوە بڵاوبووەتەوە و گوایە بانگەشەی ئەوەی کردوە نرخی ڕاستەقینەی دۆلارێک دوو هەزار و 400 دینارە. 

ئەوەش هاتوە، "ئەو هەواڵە هیچ ڕاست نییە و دەستکردی سوپای ئەلیکترۆنییە کە دوژمنی گەلی عێراقە و حەز ناکات ڕێڕەوی ئابوریی عێراق بە باشی بڕوات."  

لەماوەی چەند رۆژی رابردودا بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لەبازارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ 150500 (سەد و پەنجا هەزار و پێنج سەد) دینار بەرزبووەتەوە، بەرپرسانی وەزارەتی دارایی، پەرلەمانتاران و بانکی ناوەندیش لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی دۆلار زانیاری جیاواز بڵاودەکەنەوە و دڵنیایی دەدەن کە هیچ مەترسییەک لەسەر بەهای دینار بوونی نیە.




PM:02:35:11/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 8104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت