د.بەشیر حەداد: ئەو جۆرە کردەوانە زەمینەسازی کردنە بۆ دروستکردنی شەڕی برا کوژی لە ھەرێم


وێستگە نیوز-
جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، ھەبوونی ھەر گروپ و ھێزێکی بیانی لە ناو سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی ناياسايى رێگە بۆ دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ دروست دەکات، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات تا خاکی ھەرێمی کوردستان بکەنە گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەى کێشەکانی خۆیان.

د.بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاند، بەیانی رۆژی شەممە، ٢٠٢١/٦/٥ ھێزێکی پێشمەرگەی کوردستان لە کاتی ئەنجام دانی ئەرکێک لە چیای مەتین لە پارێزگای دھۆک، کەوتنە ناو  بۆسەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان و بەو ھۆیەشەوە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە ويراى سەرکۆنە كردنى ئەو کردەوەیە، پێمان وایە ئەو جۆرە کردەوانە زەمینەسازی کردنە بۆ دروست کردنی شەڕی برا کوژی و ناسەقامگیری ھەرێمی کوردستان، و خوازيارين کێشەکان به شێوەی ئاشتييانه و لەسەر مێزی دانوستاندن چارەسەر بکرێن.

د. بەشیر حەداد دەشڵێت، ھەبوونی ھەر گروپ و ھێزێکی بیانی لە ناو سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی ناياسايى رێگە بۆ دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ دروست دەکات تاوەکو خاکی ھەرێمی کوردستان بکەنە گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەى کێشەکانی خۆیان، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵی بە زوترین کات کار بکات بۆ ئاسایی کردنەوەی ناوچە سنوورییەکان و پاراستنی سنوورەکانی بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرکردنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزەکانی پاسەوانی سنوور لەسەر سنوورەکان، بۆ ئەم مەبەستەش ھەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران رادەسپێرین بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.


PM:07:54:05/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 3072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت