پەرلەمانی ئێران رەخنە لەگفتوگۆکانی ڤییەننا دەگرێت


وێستگەنیوز-

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەوەتەیی لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لەسەر وڵاتانی رۆژئاوا پێویست دەکات تا 24ی ئەم مانگە بگەڕێنەوە بۆ پابەندبوونەکانیان بە رێککەوتنی ئەتۆمی، دەشڵێت "گفتوگۆکان ڤییەننا ئیستفزازین و تائێستا بێ ئامانج بوون".

موجتەبا زولنور، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەوەتەیی لەپەرلەمانی ئێران بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندوە، ئەگەر تا 24ی ئایار گفتوگۆکانی ئێران و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکە نەگاتە ئەنجام، "تاران تۆماری کامێراکانی چاودێری لەوێستگە ئەتۆمییەکان رادەگرێت و رێگە بەچاودێریکردنیان نادات".

ئاماژەی بەوەشکردوە، زیادکردنی هەر برگەیەکی ناو رێککەوتنی ئەتۆمی لەگفتوگۆکانی ڤییەننا پێویستی بە رەزامەندی پەرلەمانی ئێران هەیە.

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەوەتەیی لەپەرلەمانی ئێران ئەوەشی خستوەتەڕو، دوای ئەوەی وڵاتانی رۆژئاوا گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و پابەندبوونەکانیان، پێویستە حکومەت راپۆرتێک بداتە پەرلەمان و ئەو کاتە پەرلەمان رێگەدەدات حکومەت بگەڕێتەوە بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی بەگوێرەی رێککەوتنی ئەتۆمی.

مانگی رابردوو گەڕی چوارەمی کۆبوونەوەکانی ڤیەننا بەڕێوەچوو. بە گوتەی عێراقچی، لیژنە تەکنیکییەکان دەستبەکاربوون بۆ ئەوەی میکانیزمی لابردنی سزاکانی سەر ئێران و گەڕانەوەی ئێران بۆ پابەندبوونی تەواوەتی بە رێککەوتنەکە دیاری بکەن. 
 
ساڵی 2018، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا، واشنتنی لە رێککەوتنەکە کشاندەوە و قۆناخ بە قۆناخ سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، چونکە پێیوابوو رێککەوتنەکە پێویستی بە پێداچوونەوەیە. 
 
لە کاردانەوەی ئەوەدا، ئێران دەستی بە هەڵپەساردنی قۆناخ بە قۆناخی ئەرکەکانی کرد و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرزکردەوە.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا نیازی خۆی بۆ گەڕاندنەوە بۆ نێو رێککەوتنەکە ئاشکراکردووە، بەڵام بەو مەرجەی کە ئێران بە تەواوی بە رێککەوتنەکە پابەندبێتەوە. 
 
هـ.هـ


AM:08:44:09/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 7068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت