بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هۆكاری نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم ئاشكرا دەكات

‌ئەحمەد سەفار

وێستگە نیوز-

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، بەناردنی لیژنەیەكی هونەری بۆ بەغدا چارەسەر دەبێت.
 
وێستگە نیوز لە تێلیگرام جۆین بكە

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاندووە، جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا پەیوەندیی بە پەرلەمانەوە نییە، چونكە بابەتێكی هونەرییە و دەبوو لیژنەیەكی هاوئاهەنگی دروست بكەن، پرسەكە كەمی نەوت و نەناردنی نییە، بەڵكو بابەتەكە ژمێرەییە، دەبێت هەرێمی كوردستان ئەو بڕە پارەیە دیاری بكات كە دەبێت رادەستی بەغدای بكات، دواتریش بەغدا پابەند دەبێت كە بەشە بودجەكەی بنێرێت.

ئەحمەد سەفار ئاماژەی بەوەكرد، پرسەكە چارەسەر بووە و بودجەی گشتی ئەمساڵ روونە، بەڵام نازانم بۆچی ئەم خەمساردییە هەیە! ئەوە چل رۆژ بەسەر پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەدا تێپەڕیوە كە دەبوو هەر لە رۆژی دوای پەسەندكردنیەوە جێبەجێ بكرێت، كەچی تاوەكو ئێستا جێبەجێ نەكراوە. هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەیانتوانی هەر لە رۆژی دووەمەوە دەست پێبكەن.
 
بەپێی ماددەی 11ی یاسای بودجەی ئەمساڵ، دەبێت هەرێمی كوردستان بە لای كەمەوە رۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە كێڵگەكانی خۆی بەرهەم بهێنێت، دوای گلدانەوەی تێچووی دەرهێنان، گواستنەوە و بڕی پێویست بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بە لای كەمەوە رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ئەو نەوتە بە نرخی كۆمپانیای سۆمۆ رادەستی حكومەتی عێراق بكات، هاوكات دەبێت 50%ی داهاتی نانەوتی خۆیشی رادەستی بەغدا بكات، ئەو كات حكومەتی عێراق بەشە بودجەی بۆ دەنێرێت.
 
بڕیاردەری لیژنەی دارایی عێراق روونیكردەوە، نەناردنی بەشە بودجەكە لەبەر ئەوەیە لیژنەی بۆ دروست نەكراوە كە دەبێت لە هەردوولا بێت لە وەزارەتەكانی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی. ئەگەر هەر لە رۆژی دوای پەسندكردنی بودجەوە ئەو لیژنەیە پێكبهێنرایە، بچوونایەتە بەغدا و هاوئاهەنگی و ژمێرەكانیان بكردایە، جێبەجێكردنی گەلێك ئاسان بوو.


PM:03:24:08/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 8696 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو