ڕێزان شێخ دلێر: ئەگەر کونسوڵخانەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا تێکدەرن، بۆ فەرشی سوریان بۆ رادەخەن

‌رێزان شێخ دلێر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق

وێستگەنیوز-

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان کونسوڵخانەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا لەدۆسیەی دەستگیرکراوەکانی بادیناندا پارەیان داوە بە سزادراوەکان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم، بۆیە پرسیاری ئەوە دەکەن "گەر ئەم دوو وڵاتـە بەنیازی تێکدانی کوردستانن بۆ پێشوازی بەردەوام بەرپرسەکانیان دەکەن و هێشتا فەرشی سوریان بۆ ڕادەخـەن".

رێزان شێخ دلێر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە بڕیاری دادگایی تەمیز لەسەر کەیسی گیراوانی بادینان دادگاکـە دەڵێت گیراوان پارەیان لە کونسوڵخانەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا وەرگرتوە بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەری، هەر بەجدی گەر ئەم دوو وڵاتـە بەنیازی تێکدانی کوردستانن بۆ پێشوازی بەردەوام بەرپرسەکانیان دەکەن و هێشتا فەرشی سوریان بۆ ڕادەخـەن!، ئەگـەر ئەم دوو وڵاتە بەنیازی کارێکی وەهـان بۆ ڕای گشتی و دادگای نێودەوڵەتی و حکومەتی فیدڕاڵ ئاگـادار ناکـەنەوە لەم نیەتە".

باسی لەوەشکردوە، لە چەند کاتژمێری داهاتوو بەنوسراوێکی کراوە داوا لەسەرجەم باڵێۆزخانە و کونسڵخانەکانانی هەردوو وڵات لە عێراق دەکەن هـەڵوێستی خۆیان ئاشکرا بکـەن لەسەر ئەم تۆمەتـانەی ئاڕاستەیان کراوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئێستا کاتی ئەوەیە بەڕێز سەرۆکی هەرێم وەکو پێشوتر هەڵوێستی جوامێرانەی هەبوو لەسەر ئەم کەیسە بەهەمان شێوە هەڵوێستێکی لەبیرنەکراو بۆ مێژووی خۆی تۆماربکات بڕیاری لێبوردنی تایبەت بۆ ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینان دەربکـات".

جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام


دەستەی سزایی دادگای پێداچونەوەی هەرێم لەبڕیارێکدا کە 28ی نیسان بە واژۆی عەبدوڵا عەلی ئەحمەد شرفانی سەرۆکی دادگای پێداچونەوە دەرچوە و ئەمڕۆ ناوەڕۆکەکەی بڵاوکرایەوە باس لەوەکراوە، بەگوێرەی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 برگەکانی 47، 48 و 49 بڕیاری دادگا بۆ شه‌ش ساڵ زیندانیكردنی  (شێروان شێروانی، ئه‌یاد كه‌ره‌م، گوهدار محه‌مه‌د ئه‌مین، شڤان سه‌عید و هاریوان عیسا) بڕیارێکی دروستە و لەگەڵ یاسادا گونجاوە.

ئەوەش هاتوە، بەگوێرەی بەڵگەکان کە پێشکەشکراون و سزادراوانیش لەبەردەم داوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان ناوە بە دروستکردنی گروپێک بەسەرۆکایەتی (شێروان ئەمین)  و کاریانکردوە بۆ لێدان لەپێگەی هەستیارەکانی هەرێم و زیانگەیاندن بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەویش لەرێگەی پەیوەندیکردن بە کەسانی بیانی بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە.

لەبەشێکی بڕیارەکەدا هاتوە، سزادراوان لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمریکا و ئەڵمانیا کۆبونەتەوە و پارەیان لێیان وەرگرتون، هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبونەتەوە و وێنەی کۆبونەوەکانیان پێشکەشی دادگا کراون، بۆیە لەسەر بنەمای بەڵگەکان دادگای پێداچونەوە بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری شه‌ش ساڵ زیندانیكردنی بۆ تۆمەتباران پەسەندکرد.

هـ.هـ


PM:08:46:06/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 4144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو