وێستگەنیوز-
دوای ئەوەی دەستەی سزایی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کورستان بڕیاری دادگای تاوانهكانی دوی ههولێری پەسەندکرد بۆ شهش ساڵ زیندانیكردنی 5 چالاکوانی بادینان و تۆمەتباریکردن بەوەرگرتنی پارە لەکونسوڵخانەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا بۆ چاودێریکردنی دەزگا هەستیارەکانی هەرێم، لەوەڵامدا کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لەهەولێر رایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن و لەچوارچێوەی کارەکانیاندا بەهەمان شێوەی ڕۆژنامەنوسان، لەگەڵ خەڵکی جۆراو جۆری دیکەش کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بکەن.
کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لەراگەیەنراوێکدا کەوێنەیەکی تایبەت بۆ وێستگەنیوز نێردراوە ئاماژە بەوەکراوە، "لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە قسەر لەسەر تاکە کەیسی دادگاکان ناکەین، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەساتی دامەزراندنیەوە پشتیوانی لە ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن کردووە . ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن بەشێکە لە شوناسمان و بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لێی وەک یەکێک لە بەها سەرەکیەکانمان. هەروەها بەردەوام دەبین لە جەختکردنەوە لە گرنگی ڕێوشوێنی یاسایی و سەروەری یاسا، بەدەستڕا گەیشتن بە پارێزەریشەوە".
پەیوەست بە کۆبوونەوەشیان لەگەڵ چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان باس لەوەکراوە، "چاوەڕوانیمان لە حکومەتە خانەخوێکان لەسەرانسەری دنیا ئەوەیە کە ڕێز لەکاری دیبلۆماتە ئەمەریکیەکان بگرن، کە بەهەمان شێوەی ڕۆژنامەنوسان لەگەڵ خەڵکی جۆراو جۆر کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بکەن. ئێمەش بەهەمان شێوەی ئەو ڕێزەی چاوەڕێی دەکەین هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو دیبلۆماتانە بیانیانە دەکەین کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کاردەکەن، بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە".
دەستەی سزایی دادگای پێداچونەوەی هەرێم لەبڕیارێکدا کە 28ی نیسان بە واژۆی عەبدوڵا عەلی ئەحمەد شرفانی سەرۆکی دادگای پێداچونەوە دەرچوە و ئەمڕۆ ناوەڕۆکەکەی بڵاوکرایەوە باس لەوەکراوە، بەگوێرەی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 برگەکانی 47، 48 و 49 بڕیاری دادگا بۆ شهش ساڵ زیندانیكردنی (شێروان شێروانی، ئهیاد كهرهم، گوهدار محهمهد ئهمین، شڤان سهعید و هاریوان عیسا) بڕیارێکی دروستە و لەگەڵ یاسادا گونجاوە.
ئەوەش هاتوە، بەگوێرەی بەڵگەکان کە پێشکەشکراون و سزادراوانیش لەبەردەم داوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان ناوە بە دروستکردنی گروپێک بەسەرۆکایەتی (شێروان ئەمین) و کاریانکردوە بۆ لێدان لەپێگەی هەستیارەکانی هەرێم و زیانگەیاندن بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەویش لەرێگەی پەیوەندیکردن بە کەسانی بیانی بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە.
لەبەشێکی بڕیارەکەدا هاتوە، سزادراوان لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمریکا و ئەڵمانیا کۆبونەتەوە و پارەیان لێیان وەرگرتون، هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبونەتەوە و وێنەی کۆبونەوەکانیان پێشکەشی دادگا کراون، بۆیە لەسەر بنەمای بەڵگەکان دادگای پێداچونەوە بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری شهش ساڵ زیندانیكردنی بۆ تۆمەتباران پەسەندکرد.
هـ.هـ
PM:08:04:06/05/2021
ئهم بابهته 6756
جار خوێنراوهتهوه