كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ری سزادراوی کورد له‌ كه‌ركوك داوا له‌ به‌غدا ده‌كه‌ن لێبووردنیان بۆ ده‌ربكات

‌دیمەنێک لە شاری کەرکوک.. فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ

كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ری كورد له‌ كه‌ركوك كه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن له‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌ و پشتیوانیان له‌ ریفراندۆم سزادراون، داوا ده‌كه‌ن حكومه‌تی عیراق لێبووردنیان بۆ ده‌ربكات و سزاكانیان هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌ و بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان.


جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كیان بۆ وێستگه‌ نیوز ناردووه‌ ده‌ڵێن: "ئێمه كۆمەڵێک ئەفسەرو كارمەند لە دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ركوكمان به‌جێهێشت و وتمان كه‌ركوك داگیركراوه له‌سه‌ر ریفراندۆم وازمان له پله و پۆست و هه‌موو ئیمتیازی خۆمان هێنا، حه‌وت مانگ بێ مووچه و بێ رێگاو بێ جێگا بووین به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێک بڵێ بۆچی هاتوون چیده‌كه‌ن لێره".

ئه‌وه‌ش باسده‌كه‌ن: "سه‌یر له‌وه‌دایه‌ به‌ نه‌زه‌ری پارتی كه‌ركوك داگیركراوه‌، كه‌چی به‌ هه‌موو هێز و توانای خۆی هه‌وڵ ده‌دات بۆ  هه‌ندێ ئه‌فسه‌ری كه‌ركوك پۆست وه‌ربگرێت، به‌راستی بانێكه‌ و دوو هه‌وا".

ده‌ڵێن: "ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق ده‌كه‌ین، داوایان لێده‌كه‌ین لێبووردنێك ده‌ربكه‌ن و بگه‌ڕێنیه‌وه‌ سه‌ركاره‌كانمان، بڕیاری دادگا و سزاكانمان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، چونكه‌ بێ هیوابووین له‌ حكومه‌تی هه‌رێم".

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:
روونكردنه‌وه بۆ رای گشتی و راگەیاندنەكان:

بەرێزان ئێمه كۆمەڵێک ئەفسەرو كارمەند لە دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ركوكمان به‌جێهێشت بۆ؟  وتمان كه‌ركوك داگیركراوه له‌سه‌ر ریفراندۆم وازمان له پله و پۆست و هه‌موو ئیمتیازی خۆمان هێنا حه‌وت مانگ بێ مووچه و بێ رێگاو بێ جێگا بووین به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێک بڵێ بۆچی هاتوون چیده‌كه‌ن لێره.

خۆتان ده‌زانن مووچه‌ی به‌غدا دوو هێنده‌ی  مووچه‌ی هه‌رێمه بێ دواكه‌وتنیش له‌وه‌ی سه‌یاره‌و پاسه‌وان و پۆستمان هه‌بوو له برسا رامان نه‌كرد پله‌ی هاوڕێكانمان به‌رزكرایه‌وه هه‌مووی ته‌رفیعی كرد ئێمه لێره راوح ده‌كه‌ین واته پله‌شمان به‌رزنه‌كرایه‌وه، چوار ساڵه دانیشتووین چه‌ند جارێك له‌ رێگای كاك سه‌رحه‌د داوامان له وه‌زیری ناوخۆ كرد بمان بینی  به داخه وه نه‌ی بینین به‌س خه‌ڵكی تر بۆ سێڵفی گرتن ده‌بینی.

خوێنه‌رانی به‌ڕێز ئێمه 14 ساڵ له‌ناو ئاگرو ته‌قینه‌وه بووین له‌گه‌ڵ عه‌مید سه‌رحه‌د بوین به دوای مه‌رگی خۆمان ده‌گه‌ڕاین خه‌ڵك له که‌رکوک نه‌یده‌وێرا بمێنیته‌وه ئێمه له‌گه‌ڵ عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، له حه‌مرین بوین شه‌ڕی تیرۆرمان له‌ناو شار برده ده‌ره‌وه‌ی شار، زیاتر له 300 كه‌س له‌گه‌ڵ کاک سه‌رحه‌د قادر له شه‌ڕه‌كان و به ته‌قینه‌وه شه‌هیدبوون باسی براو خزمه‌كانی خۆی ناكه‌م، به‌ڕێزان ئێمه شایه‌نی رێزلێنان بوین یان به‌م شێوه ته‌عامولمان له‌گه‌ل بكرێت، ئێمه ئه‌گه‌ر كه‌ركوكمان به‌جێ نه هێشتایه نه حوكمی غیابی ده بوین نه مجلسمان له سه‌ر ته‌شكیل ده‌كرا نه‌پله به‌رزكردنه‌وه‌مان ده‌وه‌ستا نه‌نیو مووچه‌مان وه‌رده‌گرت نه هه‌ر ده‌سووڕاینه‌وه.

خوێنه‌رانی به‌ڕێز به‌داخه‌وه‌ كه‌ هه‌ندێ خه‌ڵكی ماستاوچی و بێ مسته‌وا، ده‌وراو ده‌ڵێ ئه‌مانه‌ قه‌زیه‌ی تریان هه‌یه‌ یان ده‌ڵێن بۆ پۆست وه‌رگرتن هاتوون، دوو كابینه‌ پێكهێنرا كه‌س نه‌هات داوای پۆستتان لێ بكات، كه‌س هات داوای پاره‌تان لێبكات.

خوێنه‌رانی به‌ڕێز له‌ هه‌موو دنیادا كه‌س له‌سه‌ر بیروڕای سیاسی یان حزبی ئاواره‌ ده‌بێت رێزی لێده‌گیرێت و پاداشت ده‌كرێت له‌لای حزبه‌كه‌ی، به‌ڵام له‌ لایه‌ن حزبه‌كه‌مان و حكومه‌ته‌كه‌مان ئێمه‌ سزا ده‌درێین،

خوێنه‌رانی به‌رێز شت زۆر بڵێین یان بینووسین شتمان زۆر لایه، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌سه‌ جارێ، خوێنه‌رانی به‌ڕێز ئێمه‌ زیاتر له‌ 10 كه‌سمان حكوم بوون له‌سه‌ر غائیبی، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌وانه‌ی تریشمان هه‌موو دانیشتنه‌كانمان دراوه‌ به‌ دادگای هێزه‌كانی ئاسایشی ناوچه‌ی دوو له‌ موسڵ حوكم ده‌درێن و له‌ راژه‌ ده‌رده‌كرێن، بگره‌ له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر    
هه‌ندێكمان فه‌سڵ كران و له‌ راژه‌ ده‌ركران، باشه‌ ئێستا هه‌ق لای ئێمه‌یه‌ یان لای حزبه‌كه‌مان و حكومه‌ته‌كه‌مان، هه‌ر ئێمه‌ نه‌بووین فه‌خرتان پێوه‌ ده‌كردین.

سه‌یر له‌وه‌دایه‌ كه‌ركوك داگیركراوه‌، به‌ ئه‌ندازه‌ی به‌ نه‌زه‌ری پارتی، كه‌چی به‌ هه‌موو هێز و توانای خۆی هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ  هه‌ندێ ئه‌فسه‌ری كه‌ركوك پۆست وه‌ربگرێت، به‌راستی بانێكه‌ و دوو هه‌وا، ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق ده‌كه‌ین، داوایان لێده‌كه‌ین لێبووردنێك ده‌ربكه‌ن و بگه‌ڕێنیه‌وه‌ سه‌ركاره‌كانمان، بڕیاری دادگا و سزاكانمان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، چونكه‌ بێ هیوابووین له‌ هه‌رێم.
 
عه‌قید جاسم سندی‌


PM:02:40:06/05/2021












ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت