شاخەوان عەبدوڵا: یه‌كێتی بۆ به‌ستنی هاوپه‌یمانێتی له‌ كه‌ركوك وه‌ڵامی نه‌داینه‌وه‌

‌ٍشاخەوان عەبدوڵا

وێستگه‌ نیوز ـ
شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عیراق و کاندیدی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عیراق رایگه‌یاند، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان چەندجار داوایانکردووه‌ تا ئەو رۆژەی کە لیست پێشکەشکراوە داوایانکردووە کە هاوپەیمانێتیەک پێکبهێنرێت، بەڵام دیارە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەحوکمی ئەوەی ئیلتزامی یاخود جۆرە بەڵێنێکی لە هەندێک لایەنی تر وەک گۆڕان و کۆمەڵ و ئەوان لە هەرێمی کوردستاندا بوو بێ وەڵام مانەوە.


جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

شاخەوان عەبدوڵا، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: "ئەگەر سەیربکرێت بەشێوەیەکی گشتی لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە دۆخێکی نەخوازراو لەو شارەدا روویداوە، حاڵەتێکی سەربازی بەسەربازیکردنی ئەو شارە هەیە، هیچ دامەزراوەیەکی شەرعی لەوێ نەماوە، پارێزگار هەڵنەبژێردراوە لەلایەن خەڵکەوە، قایمقام هەڵنەبژێردراوە لەلایەن خەڵکەوە بەڵکو وەک کاربەڕێکەر لەوێن، سەروو ئەوانەش دامەزراندنی (قیادەی عەمەلیات) فەرماندەکەشی نە خەڵکی کەرکوکە و نە لەپێکهاتەکانی کەرکوکیشە ئەمە وایکردووە کە دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی ئەو شارە تێکبچێت و رۆژانە تەقینەوەکان زیادیکردووە بەغیابی پێشمەرگە و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی کە هەیە ئێستا مەبدەئیەن کۆمسیۆن بڕیاریداوە کە هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت پەرلەمانیش یاساکەی دەرکردووە بۆئەوەی کە لێرەوە بۆ مانگی 10 کاتی هەڵبژاردنەکەیە و هەڵبژاردنێکی دروست بکرێت کۆمەڵێک رێکار هەن کە پێویستن ئەنجام بدرێن، یاسای ئەمجارەی هەڵبژاردن تەواو جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو کە پشت دەبەستێت لەسەر تاک وەک لە لیست و لەسەر هاوپەیمانی چونکە ئەگەر هەموو هێزە کوردییەکان ڕێکبکەون و بەیەک لیست دابەزن ڕێککەوتن لەسەر کاندیدەکان نەکرێت هیچ بەهایەکی نییە چونکە دواجار ئەگەر لیستە کوردستانییەکان دووسەد هەزار دەنگ بهێنن و کاندیدەکانیان نەگاتە ڕێژە خەڵکی تر دەهەزار و پانزە هەزار بهێنن ئەوان کورسیەکان دەبەن بۆیە هەڵبژاردنی ئەمجارە زیاتر پشت دەبەستێت لەسەر تاک نەک لەسەر هاوپەیمانێتی".

شاخەوان عەبدوڵا ئەوەشی وت: "دەکرا لەو ناوچانەی کە کوردی تێدا کەمە یەک لیستیەک هەبووایە و کاندیدەکان دەست نیشان بکرایە و دەنگ تەنها بەوانە بدرایە بۆنموونە لە بازنەی دوو لە کەرکوک لەبازنەی دوزخورماتوو لەو ناوچانەی کە کورد کەمە دەکرا کورد کاندیدەکانی کەم بکاتەوە و هەمووی پشتیوانی یەک کاندید بکەن ئەوە بۆ نەکرا؟ هەڵبەت وەک پارتی دیموکراتی کوردستان چەندجار داوامانکرد تا ئەو رۆژەی کە لیست پێشکەشکراوە داوامانکردووە کە هاوپەیمانێتیەک پێکبهێنرێت، بەڵام دیارە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە حوکمی ئەوەی ئیلتزامی یاخود جۆرە بەڵێنێکی لە هەندێک لایەنی تر وەک گۆڕان و کۆمەڵ و ئەوان لە هەرێمی کوردستاندا بوو بێ وەڵام ماینەوە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ئەگەرنا حەزماندەکرد لە رووی مەعنەویشەوە بێت لیستێک لەو ناوچانە دروست ببێت، بەڵام دیارە ئەوان وەڵامیان نەدایەوە دواجار بینیمان ئەوەیان راگەیاند کە ئەوان رێککەوتنیان لەگەڵ هەندێک لایەنی تر کردووە وەک گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لە هەندێک ناوچە و تەنانەت لەگەڵ یەکگرتووش".

واتە یەکێتی بەڵێینی داوە بە گۆڕان و لایەنەکانی تر کەلەبەرامبەر هاوپەیمانێتی لەگەڵی ئەوان هاوپەیمانی لەگەڵ ئێوە نەکەن؟ لە وەڵامدا شاخەوان عەبدوڵا وتی: "نازانم ئەو بەڵێنە دراوە یان نا بەڵام ئەوەی کە بینیمان و راگەیەندرا کە ئەوان هاوپەیمانێتیان کردووە، رەنگە ئەوە هۆکار بووبێت بۆئەوەی کە نەتوانن لەگەڵ ئێمەدا هاوپەیمانێتی بکەن، هیچ کێشەیەکمان نییە بەڵام ئەوەی کە هەیە بابەتی نفوزی گۆڕان و یەکێتییە لەناوچەیەکی دیاریکراو و سنووردار بۆنموونە گۆڕان و یەکێتی ناوچەی نفوزیان زیاتر سلێمانی و گەرمیان و ئەو ناوچانەیە پێیان وابووە لەو ناوچانە هەڵبژاردنێک بکرێت کە رێککەوتن لەسەری بۆئەوەی تووشی گرفت نەبن پێیان باش بووە بابەتەکە لەڕووی قاعیدەی جەماوەرییەوە بووە نەک لەسەرئەوەی تێبینیان لەسەر پارتی هەیە بۆنموونە گۆڕان هیچ کات کورسی لەسنووری دهۆک نەهێناوە یان لەهەولێر، یەکێتیش کورسیەکانی دیاریکراو بووە لە هەولێر بۆیە زیاتر رێککەوتنەکە وەک ناوچەی چالاکی ئەوان هەردوو حزب یەکێتی و گۆڕان لەوناوچەیە کراوە، کۆمەڵیش بەحوکمی ئەوەی لەناوچەی هەڵەبجە و ئەوانە جۆرە پێگەیەکیان هەیە لەو سۆنگانەوە ئەمجۆرە رێککەوتنانە کراوە بۆئەوەی کە کورسیەکان دابەش بکرێت لەنێوان ئەو لایەنانەدا".

"بەدڵنیاییەوە پارتی داواشیکردووە بەفەرمی کە ئێمە هاوپەیمانێتیەک دروست بکەین لەگەڵ لایەنە کوردییەکان لەکەرکوک، بەڵام کە ئیتر نەبووە لایەنی بەرامبەر بەرپرسە کە وەڵامیان نەبووە بەڵام وەکو باسمکرد بابەتەکە زیاتر لەم هەڵبژاردنە پشت بەوە دەبەستێت چۆن دۆخی ئەو ناوچانە پێش هەڵبژاردن ئاسایی بکرێتەوە، ناکرێت بەهۆی هەزاران ملیشیا و چەکداری غەریب لەو شارە و کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و فەرمانگەکانی دەوڵەت بچینەوە هەڵبژاردنێکەوە و پێشبینی هەڵبژاردنێکی سەلیم بکرێت، کێشەی ئێمە دۆخی ئێستای کەرکوکە"، شاخەوان عەبدوڵا، وایوت.

شاخەوان عەبدوڵا دەشڵێت: "من هەر لەخۆمەوە دەستپێبکەم من کاندیدی پارتێکم کە پێگەیەکی سیاسی هەیە، لەدواین هەڵبژاردن ئێمە بەشداریمان تێداکردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگەکانی هێندە هەموو دەنگەکانی تورکمانی کەرکوک بووە کە 70 هەزار دەنگ بووە، کورسیەکانیشی هێندەی کورسیەکانی تورکمان بووە لەو شارە ئێستا من کاندیدی ئەو حزبەم بارەگاکانی ئێمە لەلایەن ملیشیاکان و لەلایەن هێزە عیراقیەکانەوە داگیرکراوە، لەکاتێکدا ئێمە پارتێکی مۆڵەت پێدراوین، وەزیرمان هەیە لە کابینەی حکومەتی عیراق بۆیە زۆر لەهێزە ملیشیاییەکان مەترسی گەڕانەوەی پارتی لەوە دەکەن کە پێیان وایە بەگەڕانەوەی پارتی دۆخی کورد لەو ناوچانە دەگۆڕێت و لەبەرژوەندی باڵانسی کوردایە بۆیە تائێستا بارەگاکانیان چۆڵ نەکردووە ئەمە یەکێکە لەبابەتی دانووستانەکان کە دەبێت لێرەوە تا هەڵبژاردن بارەگاکان چۆڵ بکرێت ئەو هێزانەی کە رێککەوتنمان کردووە نەک ئێمە تەنانەت لەگەڵ تورکمان و عەرەبیشدا هەموولامان رێککەوتووین لەسەر ئەوەی هیچ هێزێکی غەریب لەناو شاری کەرکوک نەمێنێت مەلەفی ئەمنی رادەستی کەرکوکیەکان بکرێت، ئەگەر هاتوو ئەوانە کرا و ئەو هێزانە دوورخرانەوە، بارەگاکان گەڕانەوە پارتەکان و کاندیدەکانیان سەربەستانەو ئازادانە بانگەشەیان بۆخۆیانکرد ئەو کاتە دەکرێت بوترێت ئەمە هەڵبژاردنێکی باش و سەلیمە ئەگەرنا بەم دۆخەی ئێستا پێشبینی دەکەین ئەو ملیشیایانەی لەوێن لەبەرژوەندی هێز و لایەنی دیاریکراو بەکاردەهێنرێن ئەنجامی هەڵبژادنەکە ئەو ئەنجامە نابێت کە خەڵک دەنگی بۆ دەدات".

شاخەوان عەبدوڵا ئەوەشی وت: "بەدڵنیاییەوە بەشداری نەکردنی کورد و دوورکەوتنەوە لەو پرۆسەیە و کەمکردنەوەی کورسیەکانی کورد لەڕووی یاساییەوە کاریگەری دەبێت ئەو دۆخەی هەیە بەردەوام دەبێت ئومێدی چاکبوونەوەی بۆ دەکرێت، چەند کورد بەهێزبێت ئەوەندە کارتەکانی بەهێزترن بۆ بابەتی ئاساییکردنەوەی ئەو شارە بۆ ئەو داوایانەی کە هەیبووە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی ئەو شارە ئەوکاتە داواکانی بەهێزتر دەبێت لایەنی نێودەوڵەتی حسابی پێگەی کورد دەکات لەو شارە ئەمانە هەموو کۆمەڵێک پێوەرن فەرز دەکات لەسەر هەموو تاکێکی کورد دەنگ بدات و هەوڵبدەن کورسیەکانی کورد کە هەبووە پێشتر زیاتر بکرێت و کەمتر نەکرێت، پارێزگاری لێ بکرێت، بەهیوای ئەوەین ئەوەی دەمێنێتەوە وەکو باسمکرد رێگریەکان نەهێڵدرێت لێرەوە تا هەڵبژاردن کوردیش بەگشتی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات پێشبینی دەکەم بتوانێت کورسیەکانی خۆی بپارێزێت کە نیوە کۆ یەکە".

جێی باسە دوێنێ رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەوتووێژێکی دەنگی ئەمریکا رایگەیاندبوو، "لەماوەی سێ مانگی رابردوو زیاتر لە چەندین کۆبوونەوە لە بارەگای حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک کراوە لە مەڵبەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەبارەگاکانی بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی و لایەنە سیاسیەکانی تریش لەوێ هەموویان بەیەکەوە کەرکوکییەکان جگە لەجیاوازی ئایدۆلۆژیا و بیر هەموویان پێیان وابووە لە کەرکوک بەلیستێکی هاوبەش بەشداری بکەن، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان لەهیچ کام کۆبوونەوەیەک لەم کۆبونەوانە بەشداری نەکردووە و ئامادەیشی دەرنەبڕیووە کە بەلیستێک دابەزێت".


AM:09:51:06/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 3468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت