بەرهەم ساڵح: سعودییە و ئێران بە نێوەندگیریی عێراق زیاتر لە جارێک کۆبوونەتەوە

‌بەرهەم ساڵح

وێستگە نیوز-

سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، "نە عێراق و نە ئەمریکاش نایانەوێت تاهەتایە هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق بمێننەوە"، باس لەوەش دەکات کە ئێران و سعودیە بە نێوەندگیریی عێراق زیاتر لە جارێک کۆبوونەتەوە.

 
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەغدا لە کۆشکی سەلامەوە لە پانێلێکی ئۆنلاینی پەیمانگەی بەیرووت بۆ لێکۆڵینەوە سیاسی و ستراتیژییەکان بەشداربوو، تێیدا باسی لەوە کرد، لە چوارچێوەی گفتوگۆ ستراتیژییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا گفتوگۆ لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کراوە.
 
هەروەها سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوە کرد، کۆتاییهێنان بە چالاکییە سەربازییە مەیدانییەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق بەندە بە توانای ‌هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ پاراستنی دۆخی ئەمنیی وڵات، کە بە وتەی سەرۆککۆمار، ئێستا بەهۆی مەشق و راهێنانەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە تواناکانیان روو لە باشبوونن.
 
بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکانی ئەمدواییەی داعش دەریدەخەن کە هەڕەشەی ئەو رێکخراوە پەڕگیرە بۆسەر عێراق بەردەوامە، سوپاسی ئێرانیش دەکات کە لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا هاوکارییان کردوون، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە خەڵکی عێراق نایانەوێت هیچ هێزێکی دەرەکی دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتەکەیاندا بکات، بۆیە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی دژی تیرۆر، پێویستە هەموو ئەو هێزانە عێراق جێبێڵن.
 
بە وتەی سەرۆککۆماری عێراق، سعودییەکان و ئێرانییەکان بە نێوەندگیریی عێراق زیاتر لە جارێک کۆبوونەتەوە و دەشڵێت، ئەو گفتوگۆیانە بەردەوامن و بۆ ناوچەکە گرنگن.
 
بەرهەم ساڵح رۆڵی عێراق لەو گفتوگۆیانەدا بە گرنگ ناو دەبات و باسی لەوەش کرد، پێویستە سەروەریی عێراق بپارێزرێت بۆئەوەی ببێتە سەرچاوەی سەقامگیری و تەبایی تەواوی ناوچەکە، لەبری ئەوەی سەرچاوەی ناسەقامگیری بێت.
 


PM:11:20:05/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 2692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت