پەرلەمان خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای دادگای تایبەت بە تاوانەكانی داعش دەکات


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای دادگای تاوانكاری تایبەتمەند بە تاوانەكانی داعش دەکات، هەروەها خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پرۆژە یاسای وەزارەتی كارەبا و ژمارەیەک پێشنیازەیاسای دیکەش دەکات.

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 2ی ئایار بانگهێشتنامەی بۆ پەرلەمانتاران نارد و رایگەیاند، "بە پشتبه‌ستن به ‌حوكمی بڕگه‌ی (سێیه‌م) له ‌مادده‌ی (18)ـی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان - عێراق، بڕیارماندا بانگهێشتی گشت ئه‌ندامه‌ به‌ڕێزه‌كانی په‌رله‌مان بكه‌ین بۆ دانیشتنی ژماره‌ (12)ـی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم له‌ خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان - عێراق، له‌ کاتژمێر (11)ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشه‌ممه‌ رێكکه‌وتی 2021/5/5."
 
لە بەرنامەی کاری دانیشتنەکە هاتووە، "یەكەم: خوێندنه‌وه‌ی یەكەم بۆ ئەم پێشنیازە یاسایانەی خوارەوە، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی 79، 80 له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان:1- پێشنیازەیاسای پاراستنی بەڵگەنامە و دەستنووسەكان، 2- پێشنیازەیاسای پاراستنی بەڵگەنامەی هەرێمی كوردستان-عێراق، 3- پێشنیازەیاسای پاراستنی بەڵگەنامە و ئەرشیفی نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان".

ئەوەش هاتووە، لەبرگەی دووەمدا "بیرۆكەی پەرلەمانتار لیزا فەلەکەدین سابیر، پەیوەست بە وزەی خۆر وەك سەرچاوەیەك بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان، بەپێی حوكمی خاڵی 2ی بڕگەی یەكەمی ماددەی 49 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان-عێراق دەخرێتەڕو".

برگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان تایبەت کراوە بە خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پرۆژە یاسای وەزارەتی كارەبا لەهەرێمی كوردستان-عێراق، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی 87، 88، 89 له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.
 
هەروەها دوێنێ پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە کە بڕگەیەکی دیکەی بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنەکە زیادکردووە ئەویش بریتییە لە، "چوارەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای (دادگای تاوانكاری تایبەتمەند بە تاوانەكانی داعش لە هەرێمی كوردستان-عێراق)".


AM:09:36:05/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 1188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو