بەحرەین 9 کەسی بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای پاسداران بە زیندانی هەمیشەیی مەحکوم کرد


وێستگەنیوز-

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی بەحرەین ڕۆژی یەکشەممە 24ی ئایار ڕایگەیاند، دادگایەکی ئەو وڵاتە سزای زیندانی هەمیشەیی بەسەر 9 تۆمەتباردا و سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەر دوو تۆمەتباری دیکەدا سەپاندووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم کەسانە تۆمەتبار کراون بە هاوکاریکردنی سوپای پاسداران بۆ ئەنجامدانی ئەوەی کە وەک "کردەوەی دوژمنکارانە و تێرۆریستی" دژی بەحرەین وەسف کراوە.

لەو بەیاننامە بڵاوکراوەیەیەدا هاتووە، تۆمەتباران دەستیان هەبووە لە "کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی ناوەندە هەستیارەکان و ئاسانکاری بۆ گواستنەوە داراییەکانی پەیوەست بەو بابەتەوە".

بەحرەین کە وڵاتێکە زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە پەیڕەوانی مەزهەبی شیعەن، پەیوەندییەکی پڕ لە گرژی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبووە و پایتەختەکەی لە میانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کرایە ئامانجی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی سوپای پاسداران.

بەرپرسانی حکومەتی بەحرەین لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە توانیویانە پلانەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران پووچەڵ بکەنەوە.


PM:03:40:24/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت