وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ لاڤرۆڤ: دیالۆگ لەگەڵ رووسیا هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ پاراستنی سەروەری سوریا


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی تەموزی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لە مۆسكۆ کۆبوونەوە و دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە كۆنگرەیەكی هاوبەشی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا.


لەمیانەی کۆنگرەکەدا سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند، "رووسیا پاڵپشتی خۆی بۆ پاراستنی سەلامەتی و یەکگرتوویی خاکی سوریا و سەروەرییەکەی دووپاتدەکاتەوە".

لاڤرۆڤ وتی، "رووسیا بەگرنگییەوە بۆ بوونی نوێنەرایەتی كورد لە حكومەتی نوێی سوریا دەڕوانێت، چونكە دەیانەوێت بەشداری حكومەتی داهاتوو بكەن".

وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بە رێككەوتنی مۆسكۆ و دیمەشق كرد، بۆ دامەزراندنی نەخۆشخانەیەك لە سوەیدا وەك بەشێك لە پشتیوانییە مرۆییەكانی رووسیا، هەروەها باسی لەوەکرد، "کە دەبێت دیمەشق هەنگاوی گرنگ بنێت بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی دیپلۆماتكارانی رووسیا".

وتیشی، "مۆسكۆ ئامادەیە یارمەتی سوریا بدات بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی ئێستا، هەروەها داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاكانی سەر سوریای دەکەین، چونكە ئەوە رێگری لە بوژانەوەی ئابووری و بژێوی ژیانیان دەكات".

لە بەرامبەردا، ئەسعەد شەیبانی رایگەیاند، "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆمان لە کاتی چارەنووسساز و مێژوویی پەیوەندییەکانی سوریا و رووسیادا بووە، بۆیە کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی پێویست، چونکە دیالۆگ لەگەڵ رووسیا هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ داڕشتنی هەلومەرجی نوێ بۆ پاراستنی سەروەری سوریا".

شەیبانی ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە چاومان لەو راستییە داناخەین کە بەشێکی زۆری گەلی سوریا هێشتا ئازارەکانی رابردوویان پێوە دیارە و برینی قوڵیان هەیە، دەبێت بە بەرپرسیارێتی و شەفافیەت دان بەم برینانەدا بنرێت، چونکە بەشداریکردن لە رێگەکانی بەرپرسیارێتیدا یارمەتیدەرە بۆ ئاشتی و ئاشتەوایی هەمەلایەنەی نیشتمانی".

ئەوەشی خستەڕوو، "بوونی خواستێکی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێی هاوکاری راستەقینە هەیە، هەروەها رووسیا دەتوانێت بەشێوەیەکی بنیاتنەر بەشداری بکات لە رێڕەوی بوژانەوەی سوریا و نیشاندانی پابەندبوونی هاوبەش بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەقامگیری ناوچەکە و بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی گەلی سوریا".

لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی سوریا وتی، "مەرجەکانی ئێمە بۆ ئیسرائیل دەستوەرنەدانە لە کاروباری ناوخۆ و بەکرێنەگرتنی کەمینەکانە، چونکە عەشیرەتەکانی سوریا چەندین سەدە لە ئاشتی ناوخۆییدا ژیاون، دەوڵەتی سوریاش ئەمڕۆ بەرپرسیارە لە هەموو سوریاییەکان، ئێمە کەمینە و زۆرینەمان نییە و هەر یارییەک لەسەر ئەم کاغەزە دەبێتە هۆی ئاژاوەگێڕی".

وتیشی، "حکومەتی ئێستا هەموو نەتەوەکان لەخۆدەگرێت، هەروەها پەرلەمانی سوریا کە بەمزووانە پێکدەهێنرێت نوێنەرایەتی هەموو گەلی سوریا دەکات، هەروەها سوریا دەیەوێت دووبارە خۆی ئاوەدان بکاتەوە".

سێرگی لاڤرۆڤ و ئەسعەد شەیبانی، جەختیان لە پێویستی بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر و نوێکردنەوەی پشتیوانییەکانیان بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی دوولایەنە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل.


PM:06:45:31/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 1348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت