پەرلەمانی هۆڵەندا بۆ یەکێتی ئەوروپا: داواکارین مافەکانی کورد لە قۆناخی راگوزەردا لە سووریا دەستەبەر بکرێن
وێستگەنیوز_
پەرلەمانی هۆڵەندا لە دوو پرۆژە بڕیاردا رایگەیاند، داواکارین حکومەتی هۆڵەندا و یەکێتیی ئەوروپا وابکەن مافەکانی کورد لە قۆناخی راگوزەردا لە سووریا دەستەبەر بکرێن و کورد، ئێزدی و کریستیان لە مەترسیی تووندڕەویی و جیهادیزم و تیرۆریزم بپارێزرێن.
پەرلەمانی هۆڵەندا لە دوو پڕۆژە بڕیاردا، دەنگی لەسەر پشتیوانی بۆ رۆژئاوای کوردستان و پێکهاتەکانی سووریا و چەسپاندنی سیستمێکی دێموکراسی لە سووریا دا.
لە بڕیاری ژمارە 2990ی رۆژی 12ـی 12ـی 2024ـدا، لە کۆی 149 پەرلەمانتار 146ـی هۆڵەندا دەنگیان لە بەرژەوەندیی رۆژئاوای کوردستان دا. لە بڕیارەکەدا داوا لە حکومەتی هۆڵەندا کراوە لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان دوو دەوڵەت دا، داوا لە تورکیا بکات "دەستبەجێ هێرشی سەر کوردانی سووریا بوەستێندرێن" و، مافەکانی کورد لە سووریای داهاتوودا دەستبەر بکرێن.
پڕۆژە بڕیارەکە لەلایەن پەرلەمانتاران کاتی پیری، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتیی ئەوروپا و پەرلەمانتاری ئێستای پارتی (کرێکاران و سەوزەکانی هۆڵەندا) و یان پاتەرنۆتە، پەرلەمانتاری پارتی لیبراڵی D66ـەوە پێشکەش کرابوو.
هەمان رۆژ پەرلەمانتار ئێریک فان دەر بورخ، لە پارتی گەل بۆ دێموکراسی (کە بەشدارە لە حکومەت دا)، پڕۆژە بڕیاری ژمارەی 2999ی پێشکێشکرد و داوایکرد "کورد، ئێزدی و کریستیانەکانی سووریا لە تووندڕۆیی و جیهادیزم و تیرۆریزم بپارێزرێن". ئەو پەرلەمانتارەش داوا لە حکومەتی هۆڵەندا دەکات کە لە چوارچێوەی سیاسەتی هاوبەشی یەکێتیی ئەوروپادا 'رۆڵێکی گەورە' بگێڕێ بۆ پاراستنی کورد و "بەدیهێنانی سووریایەکی سەقامگیر". لە کۆی 149 پەرلەمانتار، 146پەرلەمانتار دەنگیان بە پڕۆژە بڕیارەکە دا.
پەرلەمانتار کاتی پیری، پێشتریش لە پەرلەمانی ئەورووپا بەردەوام پشتیوانیی لە کورد دەکرد لە پارچە جیاجیاکانی کوردستان. سەردانی باشوور، رۆژئاوا و باکووری کوردستانیشی کردووە.
PM:03:31:14/12/2024
ئهم بابهته 248
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت