پەرلەمانی کۆریای باشوور بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا لێپێچینەوە لە سەرۆکی وڵاتەکە بکات


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ شەممە، 14ـی 12ـی 2024، پەرلەمانی کۆریای باشوور بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا لێپێچینەوە لە یوون سووک یۆل، سەرۆکی وڵاتەکە بکات. بەوەش سەرۆکی وڵاتەکە بە شێوەیەکی کاتی دەسەڵاتی لێسەندرایەوە و سەرۆکوەزیران هاتە شوێنی. 
 
پەرلەمانی کۆریای باشوور دەنگی بە دوورخستنەوەی یۆن سوک یۆل، سەرۆکی وڵات دا، ئەمەش بەهۆی هەوڵە شکستخواردووەکەی بووە بۆ سەپاندنی یاسای سەربازی.
 
سەرۆکی کۆریای باشوور لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بە پشتگیریکردنی کۆریای باکوور و هەوڵدان بۆ کودەتا تۆمەتبار کرد.
 
لە کۆی 300 ئەندام پەرلەمان، 204 پەرلەمانتار دەنگیان بە لێپرسینەوە لە سەرۆکی وڵاتدا و 85 پەرلەمانتاریش دەنگیان لە دژی بڕیارەکە دا.

بەپێی ئەو ئەنجامەی سەرۆکی پەرلەمان ڕایدەگەیەنێت، سێ نوێنەر دەنگیان نەداوە، هەروەها هەشت دەنگیش پووچەڵ بوون. نوێنەرانی پارتی دەسەڵاتدار ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی دەنگ بە دوورخستنەوەی یوون سووک یۆل نەدەن.

بەگوێرەی کەناڵی MBC، دادگای دەستووریی وڵاتەکە دەست بە ڕێوشوێنەکانی دەکات و بڕیار دەدات کە ئایا دوورخستنەوەکە جێبەجێ دەکرێت،  یاخود یۆن سوک یۆل لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە، لەوانەیە شەش مانگ بخایەنێت بۆ ئەوەی کەیسەکە یەکلایی بکرێتەوە.

هاوکات، هەر ئەمڕۆ شەممە، خەڵکی کۆریای باشوور لە سەرتاسەری وڵاتدا ڕژانە سەر شەقامەکان و داوایان لە پەرلەمانی وڵاتەکە کرد سەرۆک لا بدات.


PM:12:42:14/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت