قەییوم بۆ شارەوانیی دێرسیم لە باکووری کوردستان دانرا
وێستگەنیوز_
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەییوم بۆ شارەوانیی دێرسیم لە باکووری کوردستان دانرا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڕیاریدا هاوسەرۆکی شارەوانیی دێرسیم و سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی پلور لە پۆستەکانیان دووربخاتەوە و قەیووم لە شوێنیان دابنێت.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، جەودەت کۆناک، هاوسەرۆکی شارەوانیی دێرسیم "لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/ کەجەکە بەتۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە و بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی، داواکاری گشتی بە تۆمەتنامەی ژمارە 1146/2024 داوای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی کردووە".
ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیاردراوە بە دوورخستنەوەی جەودەت کۆناک بەپێی مادەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا، بەهۆی ئەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی کۆتایی نەهاتووە.
ئەوەش هاتووە، بەپێی هەردوو مادەی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان، بڕیاردرا بە دانانی بولەند تەکبیکئۆغڵو، پارێزگاری دێرسیم وەک سەرۆک شارەوانیی دێرسیم بەوەکالەت.
وەزارەتەکە سەبارەت بە دانانی قەییوم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی پلوور رایگەیاندووە، مستەفا ساریگوڵ، سەرۆکی شارەوانیی پلوور "لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/کەجەکە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە و بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی، داواکاری گشتی بە تۆمەتنامەی ژمارە 1146/2024 داوای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی کردووە".
هەروەها دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە دانەخراوە و کۆتایی نەهاتووە، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی مستەفا ساریگوڵ لە ئەرکی سەرۆک شارەوانی، بەپێی ماددەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا. هەروەها بەپێی هەردوو مادەی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان، بڕیاردرا بە دانانی حوسێن شامیل سۆزەن، قایمقامی شارۆچکەکە وەک سەرۆک شارەوانیی پلوور بەوەکالەت".
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2024، قەییووم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی ئەسەنیورتی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ دانرا و ئەحمەد ئۆزەر لەکارلادرا و بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کەجەکە/پەکەکە دەستبەسەر کرا.
PM:08:58:22/11/2024
ئهم بابهته 412
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت