هاوپەیمانەكەی سودانی: مافی دەستوری خۆمانە حكومەتی داهاتوو پێكبهێنین
وێستگەنیوز-
هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی دووپاتیدەكاتەوە، مافی دەستوری خۆیانە حكومەتی داهاتووی عێراق پێكبهێنن.
فیراس موسەلەماوی، وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، "پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو لەلایەن ئێمەوە هەڵوێستێكی سیاسی نییە بەڵكو رەنگدانەوەی ئیرادەی دەنگدەرانە بۆ پڕۆگرامەكانی گەشەپێدان كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو ئێمە لە ئەستۆمان گرتووە و سەركەوتووبووينە".
دووپاتیشیكردەوە، "هەڵوێستی هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان لەبەرپرسیارێتی نیشتیمانییەوە سەرچاوەی گرتووە كە پێویستە ئەو پڕۆژە گەورانەی ئەم حكومەتەی ئێستا دەستیپێكردووە تەواو بكات، لەپێش هەموویانەوە پڕۆژەكانی ژێرخان و هەمەچەشنكردنی ئابوری نیشتیمانی و پەرەپێدانی كەرتەكانی وەبەرهێنان".
وتەبێژەكەی هاوپەیمانەكەی سودانی دەڵێت، "ئێمە رێز لە هەموو هێزە سیاسییەكان دەگرین و لەسەر بنەماكانی شەراكەت و هاوسەنگی مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین، بەڵام سازش لە مافە دەستورییەكانی خۆمان ناكەین كە لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بەدەستمان هێناوە و دەستبەرداریشی نابین، چونكە ئەوە ویستی جەماوەرە كە بەخشیوێتی بە هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان".
PM:04:47:02/12/2025
ئهم بابهته 196
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت