عێراق و توركیا رێكکەوتنێكی هاوكارییان لە بواری ئاودا واژۆ كرد


وێستگەنیوز_  

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، چاودێری واژۆی میكانیزمی جێبەجێكاری تایبەتی رێكکەوتنی هاوكاری كرد لە بواری ئاودا لەگەڵ توركیا، كە لە نێوان فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا ئەنجام درا.

محەممەد شیاع سوودانی، لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، رێكکەوتنەكە یەكێك دەبێت لە چارەسەرە بەردەوامەكانی قەیرانی ئاو لە عێراقدا، لە رێگای چەند پڕۆژەیەكی گەورەی هاوبەشەوە كە لە كەرتی ئاوادا جێبەجێ‌ دەكرێن بۆ رووبەڕووبوونەوە و بەڕێوەبردنی قەیرانی نەبوونی سەرچاوە ئاوییەكان.

ئاماژەی بەوەشكرد، رێکكەوتنەكە پەیوەندی نێوان عێراق و توركیا پتەوتر دەكات و بەشدار دەبێت لە پەرەسەندی لە هەموو بوراەكاندا، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵاتی دۆست بەدەستبهێنێت.

هەروەها فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: "پرسی ئاومان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا تاوتوێ کرد و لە ئێستاشدا 26 یاداشتی لێکگەیشتن لە نێوان عێراق و تورکیا لە بوارە جیاجیاکاندا هەیە".

باسی لەوەشکرد، "ڕێککەوتنامەیەکمان سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئاو لەگەڵ تورکیا واژۆ کرد". 

روونیشیکردەوە: "عێراق پاڵپشتی گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات 'پەکەکە' دەکات، هیوادارین بگەنە چارەسەرێک کە هەموو لایەک ڕازی بکات."

لای خۆشیەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی: "لەگەڵ بەغدا باسمان لە کاری هاوبەش لە بوارەکانی ئاو و بازرگانی کرد و ئەو ڕێککەوتنەی کە ئەمڕۆ لەگەڵ عێراق دەربارەی پرسی ئاو واژۆ دەکەین، یەکەمین ڕێککەوتنە لە جۆری خۆیدا."

هاکان فیدان ڕاشیگەیاند،"وڵاتەکەم پاڵپشتی تەواوی عێراق دەکات لە بوارەکانی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە، ئێمەش ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق کاردەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" وتیشی: "کۆمەڵێک ڕێککەوتن هەیە کە ئەمڕۆ واژۆ دەکەین، کە ڕێگە بۆ چاککردنەوەی ژێرخانی ئاو خۆشدەکات."


PM:05:08:02/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو