وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سەردانەکەی بۆ عێراق چی دەڵێت؟


وێستگەنیوز-

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سەردانی بۆ عێراق دەڵێت، "چەند سەرنج ڕاکێشە کە لە فڕۆکەخانەوە دەفڕیت و ئاوەدانکردنەوە و زیندویی شار و جوڵەی ئۆتۆمبێل دەبینیت"، ئاماژە بەوەشدەکات، ئێستا ئەو ساتەیە بۆ عێراقیش تا سەروەری و سەقامگیری و ئاسایشی خۆی بەهێزبکات.


باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە بەغدا، دەقی وتەكانی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی لە عێراق بڵاوكردەوە كە تێداهاتوە، "فرسەتی ئەوەم بۆ رەخسا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق کۆببمەوە، زیاتر لە 20 ساڵە سەردانی عێراق دەکەم و یەکێک لەو شتانەی کە بە سەرۆک وەزیرانم وت ئەوەیە، کە چەند سەرنجڕاکێشە کە لە فڕۆکەخانەوە دەفڕیت و ئاوەدانکردنەوە و زیندویی شار و جوڵەی ئۆتۆمبێل دەبینیت".

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەوەش دەزانم بەڕاستی کاری گرنگ ئەنجام دراون بۆ دڵنیاییدان لەوەی هاوڵاتیانی عێراق ئەو خزمەتگوزاریانەیان پێدەگات کە پێویستیانە، هەروەها بۆ زیادکردنی ئەو دەرفەتانەی بۆ بنیاتنانی ژیانێکی باشتر دەیانەوێت، بۆیە زۆر سەرنج ڕاکێشە کە ئەو گۆڕانکاریانە دەبینیت و پێموایە دەرخەری ئەو گرنگیەیە کە عێراق بەردەوام بێت لە هەبونی دەرفەت بۆ ئەنجامدانی ئەو بەرەوپێشچونانە، ئەوەش ئەو شتەیە کە خەڵکی عێراق شایستەین".

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا باسی لەوەشكرد، "گفتوگۆمان کرد دەربارەی دۆخی سوریا و قەناعەتی زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، لەکاتێکدا بەو هیوایەی کە سوریا راگوزەربکات لە دیکتاتۆریەتی ئەسەدەوە بۆ دیموکراسی، ئەم ڕاگوزەریە بە جۆرێک بێت کە هەمو کەمینەکان لە سوریا پارێزراوبن و حکومەتێکی گشتگیری نامەزهەبی بەرهەمبێت کە بەهیچ جۆرێک نابێتە پێگەیەک بۆ تیرۆر".

ئەوەشی خستەڕو، "هیچ کەسێک لە عێراق باشتر گرنگی ئەمە نازانێت، بەهۆی بونی بەردەوامی داعش لە سوریا، سورین لەسەر دڵنیاییدان لەوەی کە داعش سەرهەڵناداتەوە، ویلایەتە یەکگرتوەکان و عێراق بەیەکەوە سەرکەوتنی گەورەیان تۆمارکرد لە کۆتاییهێنان بەو خەلافەتەی کە داعش پێش چەند ساڵێک دروستیکردبو، ئێستاش کە داعشمان خستووەتەوە ناو سندوقەکەی خۆی، نایەڵین جارێکی دیكە سەر دەربکاتەوە و سورین لەسەر دڵنیاییدان لەوەی کە ئەوشتە روونادات".

ئەنتۆنی بلینكن ڕونیكردەوە، "بۆ سەرۆک وەزیرانم دووپاتکردەوە کە پابەندین بە کارکردن لەگەڵ عێراق لەسەر بابەتی ئەمنی و هەروەها بە بەردەوامی کارکردن بۆ سەروەری عێراق تا دڵنیابین کە تۆکمە و پارێزراوە، پێموایە ئێستا ئەو ساتەیە بۆ عێراقیش تا سەروەری و سەقامگیری و ئاسایشی خۆی بەهێزبکات و سەرکەوتووبێت لە هەنگاونان بۆ پێشەوە".

دەشڵێت، "ئەوەی کە لە سوریا ڕودەدات کاریگەری گەورەی هەیە و زۆر گرنگە کە عێراق شان بەشانی وڵاتانی تری هەرێمی و جیهان باشترین تەقەلای خۆیان بکەن بۆ پشتیوانیکردنی خەڵکی سوریا کە لە ژێردەستەیی ئەسەد دێنە دەرەوە، دەرفەتی بینینی یەکترمان هەیە لە لەگەڵ دۆستانی وڵاتانی ناوچەکە، لەوانەش وەزیری دەرەوەی عێراق، بەهیوای بەردەوامیدان بەم گفتوگۆیانەم".

ئەنتۆنی بلینكن ئەوەشی باسكرد، "زۆر خۆشحاڵ بووم کە لێرەبوم لەگەڵ جەنەڕاڵ لیهی و جێگری باڵیۆز ئیلیزابێز ترودیو وتیمەکەی بۆ لە نزیکەوە گوێگرتن لە دیپلۆمات و لایەنی سەربازیمان کە چۆن دۆخەکە دەبینن لە عێراق و سوریا و ناوچەکە، سوپاسگوزاری هەردوولایان و تیمەکەمانم لێرە".



PM:10:31:14/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 1324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت