ئەمرۆ 21 ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی سەددام حوسێن تێپەردەبێت
وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا
ئەمرۆ 21 ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی سەددام حوسێن سەرۆکی پێشووی ڕژێمی عێراق تێپەردەبێت.
سەرۆکی پێشووی عێراق سەددام حوسێن، لە 13ـی 12ـی 2003؛ و پاش نۆ مانگ لە ڕووخانی ڕژێمەکەی لە مانگی 4ـی 2003، لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەمریکادا لە گوندێکی نزیک شاری تکریت دەستگیرکرا. ئەمەش دوای هەوڵە هەواڵگرییەکان کە چەند مانگێکی خایاند، هەروەها بەدواداچوون بۆ ئەندامانی خێزانەکەی و ئەو کەسانەی نزیک لە خۆی بوون.
رووداوەکە بەم جۆرە بوو، شەوی 13ـی 12ـی 2003، هێزەکانی ئەمریکا پاڵپشت بە زانیاریی ووردی هەواڵگری، هەڵیانکوتایە سەر کێڵگەیەک لە شارۆچکەی دورە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تکریت، سەددام حوسێن لەوێ خۆی لە چاڵێکدا حەشاردابوو، دەمانچەیەک و 750 هەزار دۆلاری کاشی پێبوو، لەوکاتەدا دەستگیرکرا.
هەواڵی دەستگیرکردنی سەرۆک؛ کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، بەشێکی زۆری عێراقییەکان خۆشحاڵ بوون بەوەی کۆتایی بە سەردەمێکی ستەمکارانەی ئەو سەرۆکە هات، کە زیاتر لە 24 ساڵی خایاند، لەلایەکی دیکەشەوە بەشێک لە لایەنگرانی ڕژێمی پێشوو دڵتەنگ و توڕە بوون، دەستگیرکردنی سەددامیشیان بە "زەلیلکردن"ـی عێراق ناودەبرد.
دواتر سەددام گواسترایەوە بۆ دادگایەکی تایبەتی عێراق بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت لەسەر ئەو تاوانانەی کە لە ماوەی حوکمڕانیدا ئەنجامی دابوو.
بە تایبەت تیشک خرایە سەر دۆسیەی کۆمەڵکوژی دوجەیل لە ساڵی 1982 کە تێیدا 148 کەس لە ئەنجامی هەوڵی کوشتنی سەددام لە سێدارە دران.
بە بڕیاری دادگای عێراق، لە 5ـی تشرینی دووەمی 2006 سەدام حوسێن سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و سزاکە لە 30ـی 12ـی ساڵی 2006 لە ڕۆژی جەژنی قورباندا جێبەجێ کرا، لەو کاتەشدا مشتومڕ لەسەر کاتی لەسێدارەدانەکەدا دروست بوو.
لەماوەی دەسەڵاتیدا، سەددام سێ شەڕە کارەساتباری گەورەی بۆ عێراقییەکان هێنایە ئاراوە، ئەوانیش شەڕی ئێران و عێراق 1980-1988 کە سەدان هەزار کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و بارگرانی لەسەر ئابووری عێراق دروستکرد.
پاشان شەڕی دووەمی کەنداو لە 1991 کاتێک هێرشی کردە سەر کوەیت، کە بەهۆی سەپاندنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانەوە بۆسەر عێراق ژێرخانی وڵات وێران بوو، شەڕی تیرۆر و سەرکوتکردنی ناوخۆ، لەوانەش ئەنفال دژ بە گەلی کورد، کە تیایدا چەکی کیمیاوی بەکارهێنا و هەزاران کوردی بێ تاوانی مەدەنی شەهید کرد.
PM:02:57:13/12/2024
ئهم بابهته 464
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت