قۆناغی دووه‌می سه‌رژمێری به‌ سه‌ركه‌وتوویی كۆتایی هات و قۆناغی‌ سێیه‌م ده‌ستپێده‌كات


وێستگه‌نیوز-
ده‌سته‌ی باڵای سه‌رژمێری عێراق  ته‌واوبوونی‌ قۆناغی دووه‌می سه‌رژمێری دانیشتوانی به‌ سه‌ركه‌وتوویی راگه‌یاند و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئه‌نجامه‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر رێگاكانی گه‌شه‌پێدان ده‌بێت و له‌مڕۆوه‌ قۆناغی‌ سێیه‌م ده‌ستپێده‌كات.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 23ی تشرینی دووه‌می 2024 ده‌سته‌ی‌ باڵای سه‌رژمێری عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ "رێژه‌ی رووماڵكردنی تاك و خێزان و بیناكان له‌ سه‌دا 100 نزیكبووه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌رزترین رێژه‌یه‌ له‌ مێژووی سه‌رژمێرییه‌كانی عێراقدا تۆماركرا بێت".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "ئه‌نجامدانی‌ پڕۆژه‌ی سه‌رژمێری دانیشتوان و سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی، جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی حكومه‌ت پشتڕاستده‌كاته‌وه‌ و ئه‌نجام و ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌م سه‌رژمێرییه‌ش كاریگه‌رییه‌كی كارایان له‌ ئاراسته‌كردنی رێگاكانی گه‌شه‌پێدان به‌ره‌و ئامانجه‌ دروسته‌كانیان ده‌بێت".

دوێنێ هه‌ینی عه‌بدولزه‌هره‌ ئه‌لهنداوی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كان و راگه‌یاندن له‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ عێراق له‌ راگه‌یه‌نراوێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد كه‌  "رێژه‌ی ته‌واوبوونی‌ سه‌رژمێری‌ له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكان له‌ سه‌دا 99ی تێپه‌ڕاند، جگه‌ له‌ پارێزگاكانی‌ به‌غدا كه‌ رێژه‌ی ته‌واوبوونی گه‌یشته‌ سه‌دا 95، به‌سره‌ سه‌دا 97، و زیقار سه‌دا 98”.

ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو وه‌زاره‌تی پلاندانان رایگه‌یاند، ماوه‌ی سه‌رژمێری دانیشتوان بۆ رۆژێكی دیكه‌ درێژده‌كرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بژمێره‌كان بگه‌نه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ دوو رۆژی رابردوودا ناویان له‌ لیسته‌كاندا تۆمار نه‌كراوه‌.

نزیكه‌ی دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر تیمه‌كانی سه‌رژمێری وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م ده‌ستیان به‌ قوناغی‌ ژماره‌پێدان و دیاریكردنی‌ خانووبه‌ره‌ و بینا و دامه‌زراوه‌كان كرد و دواتر، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، قۆناغی دووه‌میان ده‌ستپێكرد به‌ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێرییه‌كی گشتگیری دانیشتوانی خه‌ڵك له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمی تاكه‌كان.

پرۆسه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ به‌رده‌وام بوو، له‌و ماوه‌یه‌دا حكومه‌تی عێراق قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكاندا سه‌پاند بۆ دڵنیابوون له‌ دروستی زانیارییه‌كان.

له‌ شاره‌كانی‌ عێراق جگه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان قۆناغی سێیه‌م له‌مڕۆ شه‌ممه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ قۆناغی كۆكردنه‌وه‌ی داتای تایبه‌تمه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌ به‌ فۆرمێك كه‌ له‌ 75 پرسیار پێكهاتووه‌ و بڕیاره‌ له‌ 27ی‌ مانگه‌وه‌ له‌ هه‌رێم ده‌ستپێبكات.


PM:12:07:23/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو