"مالیكی و به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌ عێراقییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ رێككه‌وتون"


وێستگه‌نیوز-
سه‌رچاوه‌ سیاسی و په‌رله‌مانییه‌كانی عێراق له‌ به‌غدا رایانگه‌یاند كه‌ لایه‌نه‌كانی ناو هاوپه‌یمانی ده‌سه‌ڵاتدار كه‌ دیارترینیان نوری مالیكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراقه‌، پاڵپشتیان بۆ خێراتركردنی هه‌نگاوه‌كانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ عێراق له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی داهاتوودا ده‌ربڕیوه‌.


رۆژنامه‌ی‌ ئه‌لعه‌ره‌بی‌ ئه‌لجه‌دیدی‌ قه‌ته‌ری‌، له‌زاری‌ ئه‌ندامێكی دیاری په‌رله‌مانی عێراق كه‌ ناوه‌كه‌ی‌ ئاشكرا نه‌كراوه‌، بڵاویكرده‌وه‌ كه‌  مه‌حمود مه‌شهه‌دانی‌ سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان و ئه‌و هێزه‌ سیاسییانه‌ی‌ پشتیوانییان كرد تا ئه‌و پۆسته‌ به‌ده‌ستبهێنێت، دیارترینیان نوری مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق و حزبی‌ ته‌قه‌دوم به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ عێراق له‌ نزیكترین كاتدا و چاوه‌ڕوانی كۆتایی ساڵی داهاتوو نه‌كه‌ن.

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ هاوپه‌یمانی "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی"، كه‌ داوای كردووه‌ ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌ بۆ رۆژنامه‌ قه‌ته‌رییه‌كه‌ ده‌ڵێت: "نوری مالیكی پاڵنه‌ری‌ سه‌ره‌كییه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ عێراق له‌ ئێستادا، له‌گه‌ڵ فراوانبوونی ناكۆكییه‌كانی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی ئاشته‌وایی و نێوه‌ندگیری له‌ نێوانیاندا له‌ ماوه‌كانی دواییدا، دوای ئاشكرابوونی‌ دۆسێی‌ "تۆڕی گوێگرتن" كه‌ كارمه‌ندانی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران تێیدا به‌شداربوون و گوێیان له‌ ته‌له‌فۆنی به‌رپرسان و سیاسه‌تمه‌داران گرت، له‌نێویاندا مالیكی و ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی".

سه‌رچاوه‌یه‌كی تری سیاسی له‌ به‌غدا بۆ ئه‌لعه‌ره‌بی ئه‌لجدید دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ مه‌حمود مه‌شهه‌دانی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان و ئه‌و هێزه‌ سیاسییانه‌ی كه‌ پاڵپشتی ده‌كه‌ن له‌ناو په‌رله‌ماندا، له‌ دانیشتنه‌كانی داهاتوودا كار بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ دۆسێی‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن تا  هه‌نگاو به‌ره‌و دیاریكردنی واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ وڵاتدا بنێن، كه‌ هه‌ندێك لایه‌نی "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی"، له‌نێویاندا مالیكی، پێشنیاری ناوه‌ڕاستی ساڵی 2025دا ده‌كه‌ن له‌ بری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2025دا به‌ڕێوه‌ بچێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌م بۆچوونه‌ به‌ریه‌ككه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵ‌ بۆچوونی‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ له‌ "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی" ده‌بێت كه‌ پێیانوایه‌ گرنگه‌ ره‌چاوی دۆخی ناوچه‌كه‌ و گۆڕانكارییه‌كانی بكرێن بۆیه‌ پێوسته‌ دۆخی‌ سیاسی‌ وڵات ئارام بێت".

له‌ كۆتایی ئازاری 2023، په‌رله‌مانی‌ عێراق گۆڕانكاری‌ ڕیشه‌یی له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كرد و سیستمی‌ "سانت-لیگۆ"ی گه‌ڕانده‌وه‌، كه‌ پشت به‌ یه‌ك بازنه‌ ده‌به‌ستێت، واته‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك ده‌بێته‌یه‌ك بازنه‌، به‌و پێیه‌ش عێراق ده‌بێته‌ 18 بازنه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن و ئه‌و 83 بازنه‌یه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشتردا كاری‌ پێده‌كرێت .


AM:10:50:23/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو