دوای هێرشه‌كه‌ی ته‌دمور... سه‌ركرده‌ ئێرانییه‌كان له‌ سوریاوه‌ رووده‌كه‌نه‌ عێراق


وێستگه‌نیوز-
ژماره‌ی كوژراوانی هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ته‌دمور بۆ 93 كه‌س به‌رزبووه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌واڵه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌ركرده‌كانی سوپای پاسداران و میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران خاكی سوریایان به‌جێهێشتووه‌ و به‌ره‌و عێراق به‌ڕێكه‌وتوون. له‌ ترسی ئه‌وه‌ی نه‌كرێنه‌ ئامانج.

بۆ دووه‌م رۆژی له‌سه‌ریه‌ك، له‌ زۆربه‌ی شار و گونده‌كانی لادێكانی حه‌له‌ب، حومس، دیمه‌شق و دێره‌زۆری‌ سوریا كه‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ شیعه‌ مه‌زهه‌بن، پرسه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ته‌دموردا كوژراون، به‌رده‌وام بوو، له‌و وێنانه‌ی‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ زۆری‌ ژماره‌ی به‌شداربووانی له‌ پرسه‌كان ده‌رده‌خه‌ن.

رۆژی هه‌ینی روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند كه‌ له‌ گوندی ره‌بوه‌ له‌ لادێكانی رۆژئاوای حومس كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی‌ شیعه‌ مه‌زهه‌بن، رێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی به‌كۆمه‌ڵی كوژراوانی حزبوڵای لوبنان به‌ڕێوه‌چوو و سه‌دان كه‌سی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی به‌شدارییان له‌ رێوڕه‌سمی‌ به‌خاكسپاردنی‌ ته‌رمی 4 ئه‌ندامی حزبوڵا كرد كه‌ له‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر شاری ته‌دمور كوژران. ئاماده‌بووانی‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌ ئاڵای حزبوڵای لوبنانیان به‌رزكرده‌وه‌ و دروشمی شكۆمه‌ندی حزبوڵایان ده‌وته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای‌ وتنه‌وه‌ی‌ چه‌ندین دروشمی‌ ئاینی‌.

رۆژنامه‌ی‌ شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كانه‌وه‌ له‌ دیمه‌شقی‌ پایته‌ختی‌ سوریا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م رێوڕه‌سمانه‌ په‌یامێكه‌ بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ی قه‌باره‌ی ئاماده‌یی جه‌ماوه‌ری ئێران و حزبوڵا له‌ ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی‌ له‌ سوریا، وه‌ڵامێكیشه‌ بۆ ئه‌و هه‌واڵانه‌ی‌ باس له‌ "سنوورداركردنی‌ رۆڵ"ی میلیشیاكانی ئێران له‌ سوریا له‌ ماوه‌كانی‌ دواییدا ده‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ته‌دمور چه‌ند رۆژێك دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ سه‌رچاوه‌ میدیاییه‌ ناوخۆییه‌كان ئاشكرایان كرد كه‌ ئێران له‌ به‌رامبه‌ر په‌ره‌سه‌ندنی ئیسرائیل و هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی رێگای تاران-به‌یروت میلیشیاكانی له‌ سوریا به‌هێزتر ده‌كات و " سوپای پاسدارانی ئێران” به‌رده‌وامه‌ له‌ دامه‌زراندنی كه‌مپی مه‌شقی گه‌وره‌ بۆ میلیشیاكانی به‌ تایبه‌تی "بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با”ی عێراق، له‌ بیابانی باشووری سوخنه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی حومس.

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ ئیسرائیل گورزێكی توندی‌ پێشوه‌خته‌ی له‌ میلیشیاكانی ئێران له‌ سوریا وه‌شاندووه‌ و هۆشدارییه‌كیشه‌ بۆ ئێران كه‌ میلیشیا عێراقییه‌كان له‌ دژی ئیسرائیل هان نه‌دات و چالاكیان نه‌كات.

سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌، ئیسرائیل بڕیاریداوه‌ هێڵی دابینكردنی یارمه‌تی‌ به‌ته‌واوی له‌ڕێگه‌ی سوریاوه‌ ببڕێت، له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری فراوانكردنی بۆ بڕینی هێڵی‌ یارمه‌تییه‌كان له‌ عێراقه‌وه‌.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی‌ رۆژنامه‌كه‌، سه‌ركرده‌كانی سوپای پاسداران و میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ خاكی سوریاوه‌ به‌ره‌و عێراق ده‌ڕۆن. له‌ ترسی ئه‌وه‌ی له‌ دوای په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دواییه‌ی ئیسرائیل و زیادبوونی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ نه‌كرێنه‌ ئامانج.

به‌پێی ئه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕی هه‌واڵی نۆرس پرێس  له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی بڵاویكردۆته‌وه‌: "سێ ئۆتۆمبێل كه‌ 11 سه‌ركرده‌ی پله‌ی یه‌كه‌می (سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێرانی) و میلیشیا ئێرانیه‌كانیان هه‌ڵگرتبوو، خاكی سوریایان به‌جێهێشت و له‌ رێگه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری قائیم چونه‌ ناو خاكی عێراق،”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، سه‌ركرده‌كان له‌ ناوچه‌كانی حومس، ته‌دمور، و دیمه‌شقه‌وه‌ هاتوون و هه‌موویان هه‌ڵگری‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ ئێرانی و عێراقین.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل زنجیره‌یه‌ك هێرشی ئاسمانییان كرده‌سه‌ر سێ شوێنی شاری ته‌دمور له‌ لادێكانی رۆژهه‌ڵاتی حومس.

هێرشی‌ یه‌كه‌میان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركرده‌كانی میلیشیای ئێرانی و "بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با"ی عێراقی كرده‌ ئامانج كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی "حزبوڵا"ی لوبنانیشی تێدابوو.

هاوكات فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ ئیسرائیل دوو شوێنی گه‌ڕه‌كی ئه‌لجه‌معییه‌یان بۆردوومان كرد؛ یه‌كێكیان كۆگایه‌كی چه‌ك بوو له‌ نزیك ناوچه‌ی پیشه‌سازی كه‌ خێزانی‌ چه‌كداره‌ لایه‌نگره‌كانی ئێرانی تێدابوون كه‌ هه‌ڵگری‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ عێراقی و بیانی بوون.
به‌پێی راپۆرته‌كانی روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، ژماره‌ی كوژراوانی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر ته‌دمور گه‌یشتووه‌ته‌ 92 كه‌س كه‌ 61 كه‌سیان له‌ میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێرانن و ره‌گه‌زنامه‌ی سورییان هه‌یه‌، كه‌ 11 ئه‌فسه‌ریان تێدایه‌ و بۆ حزبوڵای لوبنان كارده‌كه‌ن، 27 كه‌سیان سوری‌ نین كه‌ زۆرینه‌یان له‌ بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با و 4 كه‌سیان له‌ حزبوڵای لوبنانین.
له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كه‌دا نزیكه‌ی 21 كه‌سی دیكه‌ برینداربوون كه‌ 7 كه‌سیان هاوڵاتی مه‌ده‌نین.


AM:09:44:23/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو