"هه‌ركه‌سێك هه‌واڵ له‌سه‌ر كاری نایاسایی و گه‌نده‌ڵی له دامه‌زراوه‌كان بدات، به پاره پاداشت ده‌كرێت"
وێستگه‌نیوز –
ده‌سته‌ی ده‌سپاكی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا هه‌ركه‌سێك به به‌ڵگه‌وه هه‌واڵ له‌سه‌ر كاری نایاسایی و گه‌نده‌ڵی له دامه‌زراوه‌كان بدات، به پاره پاداشت ده‌كرێت.
د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی له هه‌رێمی كوردستان نووسراوێكی له‌ژێر ناوی "هاندانی هه‌واڵده‌ر" ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی په‌رله‌مان، هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سكرتاریه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كوردووه.
له نووسراوه‌كه‌دا هاتووه كه "له‌پێناو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و نه‌هێشتنی به‌رتیل و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات، هه‌ر (فه‌رمانبه‌رێك یان هاوڵاتیه‌ك) زانیاری بدات به ده‌سته‌كه‌مان له‌سه‌ر بوونی هه‌ركارێكی نایاسایی یاخود بوونی گه‌نده‌ڵی له دامه‌زراوه‌كانیان به‌هه‌ر شێوازێك كه بۆیان ده‌كرێت ده‌سته‌كه‌مان ئاگادار بكه‌نه‌وه به مه‌رجێك زانیارییه‌كان به به‌ڵگه‌وه‌بن له‌سه‌ر هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك یان به‌رپرسێك له هه‌ر ئاستێكی پله‌ی وه‌زیفی دابێت، له‌لایه‌ن ده‌سته‌كه‌مانه‌وه پاداشت ده‌كرێت به‌بڕێك پاره".
ده‌سته‌ی ده‌سپاكی ده‌شڵێت: "ده‌سته‌كه‌مان زامنی پاراستنی ناو و ناونیشانی هه‌واڵده‌ر ده‌كات و مافی پارێزراو ده‌بێت".
راشیگه‌یاندووه كه ئه‌مه‌ش له‌پێناو پاراستنی سامانی گشتی و گه‌ڕاندنه‌وه‌یه‌تی بۆ گه‌نجینه‌ی هه‌رێم.
PM:05:08:09/06/2026
ئه‌م بابه‌ته 524
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت