پرۆژەی سایلۆی هەڵەبجە تەواو دەبێت و فەرمانبەری بۆ دادەمەزرێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 9ی حوزەیرانی 2026، گۆران محەمەد رەشید، ئەندامی دەستەی سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پرۆژەی سایلۆی نوێی هەڵەبجە رایگەیاند، "پرۆژەکە تا ئێستا 85٪ی کارەکانی تەواو بووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرچەندە بڕیار بوو لە ماوەی 700 رۆژدا تەواو بکرێت، بەڵام بەهۆی سەرما و هەندێک گرفتی تەکنیکی، 120 رۆژ بۆ ماوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکە درێژکراوەتەوە و ئێستا کارەکان بەرەو کۆتایی دەچن".
سەبارەت بە میلاکی فەرمانبەران، باس لەوە کراوە کە لە چوارچێوەی ئەو 250 پلە وەزیفییەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ فەرمانگەکانی پارێزگای هەڵەبجە تەرخانی کردووە، بڕیارە نزیکەی 20 فەرمانبەر کە دەکاتە 8٪ی دامەزراوەکان بۆ سایلۆکە تەرخان بکرێن، پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرمی دامەزراندنیش لە رێگەی ئەو لینکە ئەلیکترۆنییەی ئەنجومەنی راژەی گشتی بڵاویکردووەتەوە، لە سبەینێ چوارشەممە 10ی حوزەیرانەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 24ی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.
بە مەبەستی خزمەتکردنی جوتیارانی دەڤەری هەڵەبجە و رزگارکردنیان لە بردنە دەرەوەی گەنمەکانیان بۆ پارێزگای سلێمانی، لە ناوەڕاستی 2024دا بەردی بناخەی سایلۆی هەڵەبجە دانرا، ئەم پڕۆژەیەی کابینەی نۆیەم توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە و لەسەر ڕووبەری 52 دۆنم بە گوژمەی 27 ملیار و 204 ملیۆن دینار دروست دەکرێت، کە ئەم بڕەش یەکسانە بە تێکڕای بەرهەمی ساڵانەی ناوچەکە.
PM:03:20:09/06/2026
ئهم بابهته 660
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت