فەرهاد ئەتروشی بۆ عەدنان فەیحان: مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هێڵی سوورە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 9ی حوزەیرانی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی فەرهاد ئەتروشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە روونكردنەوەیەكدا وەڵامی لێدوانەکەی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی دایەوە و جەخت لەسەر پاراستنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.


لە روونکردنەوەکەدا جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، ئاماژەی بەوە کردووە کە "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت وەک کارتی گوشاری سیاسی بەکاربهێنرێت، راشیگەیاندووە کە بەستنەوەی بژێوی خەڵک بە ناکۆکییە داراییەکان، پێشێلکردنێکی روونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییە کە دۆسیەی مووچەی لە ململانێ سیاسییەکان جیاکردووەتەوە.

هەر لە روونكردنەوەکەدا هاتووە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگییەکی ئاست بەرز لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی کار دەکات، ئەو پێداچوونەوە تەکنیکی و یاساییانەی ئەنجامدراون لەلایەن لیژنە وزارییە پسپۆڕەکانەوە بووە و رەچاوی دەسەڵاتە دەستورییەکانی کردووە، نەک وەک ئەوەی فەیحان ناوی بردووە بە "سازشکردنی بێ دەسەڵات".

سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکان، نووسینگەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان رونی کردووەتەوە کە هەرێم پابەندبووە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و لە دوو مانگی رابردوودا بڕی 40 بۆ 50 ملیار دیناری رادەستی بەغدا کردووە کە ئەمەش نیشاندەری داهاتی راستەقینەی هەرێمە، جەختیش کراوەتەوە کە هەرێمی کوردستان داوای شایستە داراییە نەدراوەکانی خۆی لە بودجەی گشتی و خەرجییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەکات، کە بڕەکەی زۆر زیاترە لەو جیاوازییانەی لە بەیاننامەکەی جێگری یەکەمدا هاتووە.

لە خاڵێکی دیکەی وەڵامەکەدا هاتووە، "نەرمی نواندنی حکومەتی فیدراڵی پابەندبوونە بە دەستور و رەنگدانەوەی هەستکردنە بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی هەرێم و پاراستنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی لە سەرجەم عێراقدا".

نووسینگەی ئەتروشی هۆشداری داوە لەوەی هەڕەشەکردن لە حکومەتی فیدراڵی بەهۆی پێدانی مووچەی هاوڵاتییان، بەسیاسیکردنێکی روونی یاساکانە، ئاماژەی بەوەش کردووە ئەو لایەنانەی خەون بە گەڕانەوەی "مەرکەزییەتی قێزەون" دەبینن کە دژی دەستور و بنەماکانی هاوبەشی نیشتمانییە، خەونەکانیان نایەتە دی.

لە کۆتایی وەڵامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە پێویستە سەرۆکایەتیی پەرلەمان گوزارشت لە ئیرادەی سەرجەم پێکهاتەکان بکات و لایەنگیری نەکات، هەروەها داواکراوە لە زمانی گرژی و هەڕەشە دور بکەونەوە و پشت بە گفتوگۆی بنیاتنەر ببەستن بەبێ ئەوەی دەست بۆ بژێوی هاوڵاتیان ببرێت.

ئەم راگەیاندنەی نووسینگەی راگەیاندنی فەرهاد ئەتروشی، لە کاتێکدایە کە دوێنێ 8ی حوزەیرانی 2026، عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بە ماڵپەڕی فەرمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاندبوو، "پێویستە حکومەتی فیدراڵ رەوانەکردنی پارە بۆ هەرێم رابگرێت تا یەکلاکردنەوەی دارایی بۆ ئەو بڕە پارانە دەکرێت کە تا ئێستا رادەست نەکراون".


AM:11:29:09/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت