ژمارەیەک رۆژنامەنوسی لادراوی "ستێرک تیڤی": پێیانوتووین بڕۆن لە کارگە یان ڕێستۆرانێک کار بکەن


وێستگەنیوز-


زیاتر لە 20 رۆژنامەنوسی کەناڵی "ستێرک تیڤی" کە زۆربەیان پێشکەشکار و پەیامنێر بوون دژ بە لەسەرکار لابردنیان و شێوازی هەڵسوکەوتی بەڕێوەبەرانی کەناڵەکە ناڕەزایی دەردەبڕن.

لە نوسراوێکی ناڕەزاییدا کە وێنەیەکی بۆ وێستگەنیوز نێردراوە هاتووە، "لەدوای بڕیاری پەکەکە بۆ کردنەوەی تەلەفزیۆنێکی نوێ لەجێی "ستێرک تیڤی" بەناوی "نوچە تیڤی" کە پەیوەندی بەقۆناغی نوێی دانوسانەکانی ئاشتی نێوان ئیمراڵی و ئەنقەرە هەیە و گۆڕینی ناوی "ئاریەن تیڤی" بۆ "زاگرۆس 24" و گواستنەوەی ستۆدیۆی سەرەکی ئاریەن لە شاری ستۆکهۆڵمی سویدەوە بۆ شاری کۆڵنی ئەڵمانیا، بەڕێوبەرانی هەردوو تیڤی بەناوی نوێگەرییەوە بڕیاریان دا کە هەموو پێشکەشکارە سۆرانییەکان و بەشێک لە کارمەندانی سۆرانی زمانی پشتی شاشەش بنێرنەماڵەوە و ئیزنیان بدەن، بەتایبەت ئاریەن تیڤی کە تەواوی ستافی تیڤیان گۆڕیوە".

بەپێی نوسراوەکە "کەسانێک لەناو ئەو دوو کەناڵەدا هەن کە نێردراونەتە ماڵەوە لەنێوان 10 بۆ 20 ساڵە لەهەر دوو تیڤی ستێرک و ئاریەن کە پێشتر نەورۆز بوو کاریان کردووە، هەتا هەندێکیان لەبنەماڵەی شەهید و قوربانیانی پەکەکەشن، بێئەوەی هیچ ئیمتیازێکیان پێبدەن یاخود حساب بۆ ژیان و پاشەڕۆژ و ئەوساڵانەی کارکردن و تێکۆشانی خۆیان و خانەوادەیان بکەن کە لەو دەزگایانە ساڵانێک ڕەنجیان کێشاوە ئاوانەش ژمارەیان زیاتر لە 20 کەسە کە زۆربەیان پێشکەشکار و پەیامنێر بوون".

سەبارەت بە هەڵسوکەوتی بەڕێوەبەرانی کەناڵەکە دەڵێن کە بەجێگەی ئەوان "کارمەند و بێژەری تەلەفزیۆنی حیزبەکانی تریان هێناوە و پۆست و بەرپرسیارێتیان پێداون"و بەوانەشی کە دەرکراون وتوویانە، "بچن لە دەزگای حیزبەکانی دیکە کار بکەن یا خود ئاسانکاریان بۆ دەکەن ئەگەر بیانەوێت لە کارگە یاخود ڕێستۆرانێک کار بکەن".

لە نوسراوکەدا هاتووە، "هەندێک لەو بێژەرانە بەهۆی ئەوەی ساڵانێکی زۆری تەمەنیان لەو تیڤیانەدا خەرج کردووە ئێستا کارکردن بۆ ئەوان لە کارگە و ڕێستۆرانت زەحمەت و گرانە" و هەڵسوکەوتی بەڕێوەبەرانی کەناڵەکە "توڕەیی و نیگەرانی زۆری لەناو ئەواندا درووست کردووە وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتییان بەڵام تا ئێستا گوێیان لێنەگیراوە".


PM:02:44:24/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 952 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت