توێژەرێکی کورد بە دۆزینەوەیەکی زانستی سەرنجی میدیاکان و ناوەندە زانستییەکانی سوێدی راکێشا


وێستگەنیوز-

ئاوات عەلی، تۆێژەر و خوێندکاری دکتۆرا لە سوید بە داهێنانێکی زانستی کە لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە هۆڵەندا ناسێنرا، سەرنجی ناوەندە زانستییەکانی بۆ لای خۆی راکێشا و لاپەرەی یەکەمی میدیاکانی بۆ تەرخان کرا.

ئاوات عەلی کە پێشتر میدیاکار و رۆژنامەنوس بووە ئێستاش توێژینەوەی زانستی دەکات، بە دۆزینەوەی تەکنیکێکی نوێ بۆ شیکارکردنی مادە ژەهراوییەکانی ناو جلوبەرگ، سەرنجی ناوەندە زانستییەکانی سوێدی راکێشا. داهێنانەکەی، کە لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە هۆڵەندا ناسێندرا، کاتی پشکنینی پارچە قوماشەکان لە 10 کاژێرەوە بۆ تەنها 30 چرکە کەمدەکاتەوە. ئەم دۆزینەوەیە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ لە ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکانی ناو پۆشاک دادەنرێت.

ئەو کۆنفڕانسە زانستییە لە شاری ماسترێختی هۆڵەندا بەڕێوەچوو، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆنفرانسەکانی بواری ژەهرناسی و کیمیای ژینگە و نزیکەی 3,000 زانستکار تێیدا ئامادە بوون. ئامانجی کۆنفرانسەکە ئاشناکردنی گرووپە زانستییەکانە بە کارەکانی یەکتری و دروستکردنی هەماهەنگی بۆ پڕۆژەی هاوبەش، و کۆکردنەوەی کەرتی ئەکادیمی، پیشەسازی و رێکخراوە ژینگەییەکان.

ئاوات عەلی، توێژینەوەیەکی زانستی پێشکەش کرد کە لە مانگی 4ی ئەم ساڵدا لە گۆڤارێکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی پێست بڵاوکراوەتەوە. توێژینەوەکە باس لە دۆزینەوەی رێگایەکی نوێ و خێرا دەکات بۆ شیکارکردنی ماددە زیانبەخشەکانی ناو جلوبەرگ.

ئاوات عەلی سەبارەت بە داهێنانەکەی لەلێدوانێک بۆ بەرنامەی دیاسپۆرای کەناڵی رووداو وتی، رێگا کۆنەکە بۆ پشکنینی یەک پارچە جل نزیکەی 10 کاژێری پێویست بوو، بەڵام رێگا نوێیەکە ئەم ماوەیەی بۆ تەنها 30 چرکە کەمکردووەتەوە. ئەمەش کارئاسانی بۆ کەرتی پیشەسازی دەکات تا بە خێرایی پشکنین بۆ جلوبەرگ بکەن و لە سەلامەتی هاوڵاتییان دڵنیاببنەوە.

وتیشی، کە هەزاران مادەی کیمیایی جۆراوجۆر لە پیشەسازیی جلوبەرگدا بەکاردەهێنرێن، بەڵام تەنها ژمارەیەکی کەمیان رێگەپێدراون. بۆ نموونە، لە گرووپی ئارۆماتیک ئەمینەکان، تەنها 22 ماددە رێگەپێدراون، لە کاتێکدا سەدان جۆری دیکە کە دەبنە هۆی نەخۆشییەکانی پێست، بە رێژەی 10 هێندەی ئاستی رێگەپێدراو بەکاردەهێنرێن.

ئاوات عەلی رایدەگەیەنێت، داهێنانێکی نوێی پەرەپێداوە کە رێگایەکی "سەوزتر" و خێراترە بۆ دیاریکردنی ئەم ماددە زیانبەخشانە. ئەم رێگا نوێیە پرۆسەی شیکارکردن لە 10 کاتژمێرەوە بۆ 30 چرکە کەمدەکاتەوە. هەروەها، هیچ پاشماوەیەکی پلاستیکی و ماددەی کیمیایی ژەهراوی بەجێناهێڵێت، لە کاتێکدا رێگا کۆنەکە پێویستی بە نیو لیتر سۆڵڤێنت هەبوو. لە رووی تێچووەوە، شیکارکردنی یەک نموونە بە رێگا نوێیەکە 50 سەنت تێچوویەتی، لە کاتێکدا بە رێگا کۆنەکە 20 بۆ 25 دۆلاری تێدەچوو.

ئاوات عەلی کە نیشتەجێی سوێدە لە لێکۆڵینەوەکەیدا بە بەکارهێنانی ئەم رێگایە تاقیکردنەوە لەسەر 60 نموونەی جلوبەرگی منداڵان لە بازاڕەکانی سوێد دەکات. ئەنجام ئەوەیە کە ئەو جلوبەرگانەی رەنگیان تۆخە (رەش، رەساسی، قاوەیی) و لە پۆلیستەر یان پۆلیستەری دووبارە بەکارهێنراو دروستکراون، زۆرترین ژمارە و بڕی ماددەی کیمیایی زیانبەخشیان تێدایە. لە بەرامبەردا، ئەو جلانەی لە لۆکە دروستکراون و رەنگیان سپییە، کەمترین ماددەی زیانبەخشیان هەبوو. بۆ نموونە، لەنێو 50 ماددەی باو، جلوبەرگە پۆلیستەرە تۆخەکان 20 ماددەیان تێدابوو، بەڵام لۆکە سپییەکان تەنها 2 بۆ 3 ماددەیان لە ئاستێکی سەلامەتدا تێدابوو.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە کە هەندێک جلوبەرگ، بەتایبەتی ئەوانەی ئۆنڵاین دەکڕدرێن، مادەی مەترسیداریان تێدایە. هەروەها تاقیکردنەوە لەسەر 14 نموونەی جلوبەرگی وەرزشی کە لە پۆلیێستەر دروستکراون کراوەو، دەرکەوتووە کە حەوت نموونەیان ماددەیەکی شێرپەنجەییان تێدایە، کە ئاستەکەی 10 جار لە رادەی رێگەپێدراو بەرزتر بووە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەنجامی پڕۆژەکەی ئاوات عەلی لە میدیاکانی سوێد، وەک رۆژنامەی "داگێنس نیهێتەر" کە لاپەڕەی یەکەمی بۆ تەرخان کرد، پیشەسازیی جلوبەرگ لەو وڵاتە کاردانەوەی ئەرێنیی هەبوو، سەندیکای پیشەسازیی جلوبەرگ داوای کۆبوونەوەی کردووەو لەگەڵ توێژەرەکە گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هاوکاری، چونکە ئامانجیان پاراستنی ناوبانگیان و بەرهەمهێنانی کاڵای سەلامەتر و "سەوزتر"ە بۆ بەکارهێنەران.

ئەو توێژەرە باس لە مەترسییەکانی دیکەی وەک "مایکرۆپلاستیک" دەکات کە لە زۆرێک لە کەلوپەلی رۆژانەدا بوونی هەیە.

وردە پلاستیک لە کەلوپەلی ناوماڵ و خۆراک و ئۆتۆمبێلدا بوونی هەیە و مەترسیی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دروست دەکات. ئاوات عەلی وتی، رەنگە بڕی یەک کەوچکی چێشت وردە پلاستیک لە مێشکی هەر مرۆڤێکدا هەبێت، کە لە جەستەدا دەمێنێتەوە و کاریگەریی لەسەر هۆرمۆنەکان دادەنێت.

ئەو توێژەرەی مادە کیمیاییەکان، زیادبوونی حاڵەتەکانی وەک کێشەی غودەی دەرەقی بەراورد بە 30 ساڵی رابردوو، بە زیادبوونی بەرکەوتن لەگەڵ ئەم ماددانە دەبەستێتەوە. بەکارهێنانی بەرفراوانی قاپ و پەرداخی پلاستیکی، مەترسی بۆ سەر ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ زیاتر کردووە، لە بەرامبەردا، بەکارهێنانی شوشە و ئاسن وەک جێگرەوەیەکی سەلامەتتر پێشنیاز دەکات.

ئاوات عەلی کە پێشتر میدیاکار بووە و ئێستا توێژەری زانستییە، رایگەیاند، گواستنەوەی لە بواری میدیاوە بۆ زانست قورس نەبووە، چونکە زانست خەونی بووە. بە گوتەی خۆی، لە ساڵی 2018 دوای گەیشتنی بە سوێد، دەرفەتی بۆ ڕەخساوە بگەڕێتەوە بۆ بواری زانست. دوای یەک ساڵ لە هاوتاکردنی بڕوانامەکەی، لە ساڵی 2019 دەستی بە خوێندنی ماستەر کردووە، ئێستا خەریکی خوێندنی دکتۆرایە.



PM:01:25:24/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت