زانا مەلا خالید وەڵامی بافڵ تاڵەبانی دەداتەوە و دەڵێت: هەولێر خۆی یەکلا کردووەتەوە لەگەڵ پارتییە


وێستگەنیوز-

زانای مەلا خالید، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەداتەوە کە ئەمڕۆ لە بانگەشەی یەکێتی لە هەولێر کردی.


ئەمڕۆ شەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2025، زانای مەلا خالید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "بۆ پارێزگاریکردن لە هەولێر، حکومەتی کوردستان تەواوی ئەرکەکانی جێبەجێکردووە، لەجیاتی ستایشی دەست و قامەتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بکەن، دێن تانەیان لێدەدەن".

راشیگەیاند، "لەوکاتانەی هێرشدەکرا، هێرشکراوەتە سەر هەولێر نەک پارتی، پارتی و هێزە ئەمنییەکان بە ئەرکی خۆیان زانیوە سەرکۆنەی ئەو کارە تیرۆرستییانە بکەن کرانە سەر هەولێر، بەڵام ئەوان ئەوکاتیش زاتی ئەوەیان نەکرد بە وشەیەکیش سەرکۆنەی ئەو هێرشانە بکەن لەترسی ئاغاکانیان".

زانا مەلاخالید وتی، "هەولێر خۆی یەکلایی کردووەتەوە لەگەڵ پارتییە، سوپاسی خەڵکی هەولێر دەکەین کە هەمیشە دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن، خەڵک دەنگ بە سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە دەدات".

هەر دوای وتارەکەی بافڵ تاڵەبانی لە بانگەشەی حزبەکەی لە هەولێر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئازادی خەڵکی هەولێرەوە وەڵامی بافڵ تاڵەبانی دایەوە و رایگەیاند، "کە باسی ئازادی دەکات مەبەستی رووداوەکەی لالەزار و زیندانیکردنی سێ سەرۆک حزب و قۆرغکارییەکانی بازاڕ و ئەو دەستبەسەردا گرتنانەیە کە لەلایەن کۆمپانیاکانی حزبەوە دەکرێت".

ئومێد خۆشناو وتیشی، "شەقام و کارەبا و ئاو و خزمەتگوزاری تەندروستی و سەرجەم پرۆژەکانی حکومەتی هەرێم گرنگن، ئەوان لەناو حکومەتیش بوون هیچ جێ پەنجەتان دیارنەبووە و پرۆژەتان نەبووە".


PM:11:16:01/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو