زیاتر لە نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەکرێت


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

بڕیارە لەم هەفتەیەدا زیاتر لە نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر ئەو هاوڵاتییانەدا دابەشبکرێت کە بۆ یەکەی کرێنشینان فۆڕمیان پڕکردووەتەوە.


لەوبارەیەوە ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی تەموزی 2025، بەرهەم قەرەداغی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئەو یەکە نیشتەجێبوونانە هی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمە، کە نۆ هەزار و چوار یەکەیە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان".

ئاماژەی بەوەکرد، "پێشتر لە ساڵی 2023 فۆڕمی ئۆنلاین بۆ وەرگرتنی ئەم یەکانە دابەشکرا بەسەر هاوڵاتییاندا زیاتر لە 27 هەزار کەس فۆڕمەکەی پڕکردووەتەوە".

بەرهەم قەرەداغی وتی، "رۆژی پێنجشەممە 24ی تەموزی 2025، لە رێورەسمێکدا لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئەو ناوانە رادەگەیەندێت کە ئەو یەکە نیشتەجێبوونانە وەردەگرن".

وتیشی، "بەشێک لە پرۆژەکە بۆ فەرمانبەرانە و بەشێکی دیکەی بۆ هاوڵاتییانە ئەمەش بەپێی خاڵبەندییە، کێ خاڵبەندی زیاتر بوو سوودمەند دەبێت لە پرۆژەکە".

روونیشی کردەوە، "تەنها ناوەکان رادەگەیەندرێت و بەڵێننامەیەکی سەرەتاییان بۆ دەکرێت، تاوەکو پرۆژەکە تەواو دەبێت، دواتر کلیلەکانیان رادەست دەکرێت".

لەبارەی شێوازی پێدانی پارە بۆ ئەم یەکانە سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان باسی لەوەکرد، "یەکەکان بەبێ پێشەکییە و بە قیستی 25 ساڵ دەدرێت بە هاوڵاتییان".


PM:01:31:20/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 1324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت