جەمیل بایک: دەبێت کۆتایی بەو ژێرخانە بهێنین کە تێکۆشانی چەکداری هێنایە ئاراوە
وێستگەنیوز-
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە رایدەگەیەنێت، تێکۆشانی چەند ساڵەی تەڤگەری ئازادیخوازی کورد و گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەوڵەتی تورکیای خستە تەنگانەوە، بەو هۆیەوە حکومەتی ئاکەپە هێشتا هەوڵدەدات لەڕێی فشار و دەستگیرکردنەکانەوە ئۆپۆزسیۆنەکان سەرکوت بکات.
ئەمڕۆ شەممە 19ی تەموزی 2025، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لەمیانەی چاوپێکەوتنێکیدا لە کەناڵی ستێرک تیڤی رایگەیاند، "عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەک تەنها بۆ ئێمە، بۆ تەڤگەرەکەمان، بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ مرۆڤایەتی رۆڵێکی مێژوویی دەگێڕێت، هەربۆیە بانگەوازەکەی بانگەوازێکی مێژووییە، ئۆجەلان بە بەرپرسیارێتییەوە کاردەکات، دیمەنە بڵاوکراوەکان کاریگەری لەسەر هەموو هاوڕێیان هەبووە، بەڵام لە بنەڕەتدا کاریگەریی گەورەی لەسەر گەل و مرۆڤایەتی دانا".
ئاماژەی بەوەکرد، "لە چەند مانگی رابردوودا گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەشێوەیەک گۆڕان و نەرمبوونی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام گۆشەگیری لانەبراوە، دەوڵەتی تورکیا هەوڵدەدات وای نیشان بدات گۆشەگیری لابراوە، بەڵام ئەمە راست نییە".
بایک وتی، "ئەنجومەنی ئەوروپا تاوەکو مانگی ئەیلول دەرفەتی داوە بە دەوڵەتی تورکیا بۆئەوەی گۆڕانکاریی لە هەلومەرجی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات، ئەو کاتە نزیکە، تورکیا لەم خاڵەدا تەنگەتاو دەبێت. لەلایەکی ترەوە، ئۆجەلان بە دەستپێشخەرییەکەی گەلێک هەنگاوی مێژوویی نا، داوای کۆتایی هێنان بە هەموو تێکۆشانێکی چەکداریی لەژێر ناوی پەکەکە و کۆتایی هێنان بە تێکۆشانی چەکداری کرد، تەڤگەرەکەشمان وەڵامی ئەمەی دایەوە و داواکارییەکانی ئۆجەلانی بەجێهێنا".
وتیشی، "پێویستە چیتر قەدەغەکان لاببرێن، ئەوانەی دەیانەوێت لەگەڵ ئۆجەلان دیدار بکەن پێویستە بتوانن بچنە ئیمراڵی، پێویستە دەوڵەتی تورکیا لەم رووەوە ئاستەنگ دروستنەکات. سیستەمی ئیمراڵی سیستەمی گۆشەگیرییە. پێویستە ئەم سیستەمە لاببرێت، ئەو داواکارییە تەنها هی ئێمە نییە، داواکاریی گەل و ئەوانەیە کە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا چاودێری پرۆسەکە دەکەن".
جەمیل بایک لەمیانەی چاوپێکەوتنەکەدا لەبارەی پرسی چەکدانانەوە باسی لەوەکرد، "نامانەوێت شەڕێکی دیکەی چەکداری لە نێوان ئێمە و دەوڵەتی تورکدا دروست بێت، ئەمەمان نیشانی هەموو کەسێک دا لەسەر بنەمای بانگەوازی ئۆجەلان گرووپێکی 30 گەریلامان چەکەکانیان سووتاند، نامانەوێت خۆمان چەکدار بکەینەوە و جارێکی دیکە شەڕ دەستپێبکەینەوە. بەبێ کەموکوڕی ئەمەمان نیشان دا".
جەختی لەوەشکردەوە، "ئەگەر تورکیا خواستی چارەسەری هەبێت ئەوا پێویستە هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت، دەبێت هەلومەرج، سیاسەت، یاساکانی پەیوەست بە ئۆجەلان بگۆڕدرێت. تەنها لەو دۆخەدا پرسەکان بەرەو چارەسەری دەڕۆن،بەڵام ئەگەر تورکیا دەیەوێت فریومان بدات، بێ چەکمان بکات، نیگەرانمان بکات و ئامانجەکانی لە دژی گەلی کورد جێبەجێ بکات، ئەوا هیچ ئیمکانێکی ئەمەیان نابێت، پێویستە زۆر بەڕوونی هەموو کەسێک لەمە تێبگات".
راشیگەیاندووە، "ئۆجەلان چەندینجار داوای دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی لە پەرلەمانی تورکیا کردووە، دەڵێت دەبێت ئەم کۆمیسیۆنە بە شێوەیەکی یاسایی دابمەزرێنن، چەندین جار رامانگەیاندووە دەبێت کۆمیسیۆن بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی دامەزرێت، چونکە تاوەکو لە بواری یاساییدا بونیات نەنرێت، هەرکاتێک بیانەوێت دەتوانن ئەو کۆمیسیۆنە لەناوبەرن".
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە دەشڵێت، "ئەگەر کۆتای بەو ژێرخانە نەهێنین کە تێکۆشانی چەکداری هێنایە ئاراوە، پەکەکەیش چەکدانێت، ئەوا سبەینێ یەکێکی دیکە چەک هەڵدەگرێت".
لە کۆتایشدا وتویەتی، "ئەوەی دەمەوێت بە گەلانی کورد و گەلانی تورکیا بیڵێم ئەمەیە، پێویستە خاوەنداری لەو پرۆسەیە بکەن کە ئۆجەلان پەرەی پێداوە، ئۆجەلان بانگەوازی کرد، بەڵام شتەکە تەنها بە بانگەوازی نییە، بۆئەوەی ئەم بانگەوازییە لە پراکتیکیدا بەڕێوەبچێت، ئۆجەلان هەنگاوگەلی زۆر نا، پێویستە هەموو کەسێک بزانێت شتەکە تەنها بە ئەو ناکرێت، پێویستە هەموو ئەوانەی خواستی چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیایان هەیە خاوەندای لە پرۆسەکە بکەن".
لەبارەی لێدوانەکەی تۆم باراک لەسەر سوریا بایک وتی، "باراک بە ناوی ئەمریکاوە دەڵێت، ڕۆژئاوا، ئیدارەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەبێت بە تەواوی خۆی لەناوببات و بچێتە ناو ئیدارەی دیمەشقەوە و جێگەی خۆی تێدا بگرێتەوە، بەڵام ئەگەر پێداگری لەسەر ئەو سیاسەتە بکەن، ئەوا هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی لە سوریا ناچار دەبن بەرەیەکی دیموکراسی پێکبهێنن، بۆ ئەوەی یاسای خۆیان دابنێن، دەبێت لەسەر ئەم بنەمایە خۆیان رابگەیەنن، پێویستە خەباتیان بۆ سوریایەکی دیموکراسی چڕتر بکەنەوە و ئەمە راستییەکەیە".
PM:08:11:19/07/2025
ئهم بابهته 956
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت