بافڵ‌ تاڵه‌بانی‌: حكومه‌تێكی‌ هه‌رێم پێكبێت، دوور له‌ جیاكاری خزمه‌تی هه‌موولایه‌ك بكات


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌میانی‌ پێشوازیكردنی‌ له‌ نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق، رایگه‌یاند كه‌ حكومه‌تێكی‌ هه‌رێم پێكبێت، دوور له‌ جیاكاری خزمه‌تی هه‌موولایه‌ك بكات، هه‌ردوولاش داوایانكرد كه‌ "هه‌موولایه‌ك به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و عیراق له‌ ململانێكان دووربخه‌نه‌وه‌".


به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌، بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ماڵی مام له‌ به‌غدا پێشوازی له‌ محه‌مه‌د ئه‌لحه‌سان، نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق كرد.

له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ نزار ئامێدی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی‌ ئاماده‌بوو، بافڵ تاڵه‌بانی رۆڵی نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی له‌ پاراستنی سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ و لێكنزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان له‌پێناو هێنانه‌دی ئامانجه‌ باڵاكان به‌رزنرخاند و رایگه‌یاند، "یه‌كێتی به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ رۆڵ و پێگه‌ی ئێوه‌ ده‌ڕوانێت و به‌دڵنیاییه‌وه‌ هاوكار و پشتیوان ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵا و نیشتمانییه‌كاندا".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "دۆخی گشتیی عیراق و پێشهاته‌كانی سوریا ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی كێشه‌كان و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ بژارده‌ی شه‌ڕ كرده‌وه‌. داواشیانكرد، هه‌موولایه‌ك به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و رێگریی له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئاڵۆزییه‌كان بكه‌ن به‌تایبه‌ت پاراستنی سه‌قامگیریی عیراق و دوورخستنه‌وه‌ی له‌ ململانێكان".

له‌درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان و مووچه‌ و شایسته‌داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان تاوتوێكران و له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "جه‌خت له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی رابردوومان ده‌كه‌ینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی نیشتمانیی خزمه‌تگوزار و دادپه‌روه‌ر، حكومه‌تێك دوور له‌ جیاكاری خزمه‌تی هه‌موولایه‌ك بكات و هه‌وڵه‌كانی له‌پێناو گه‌شه‌سه‌ندنی كوردستان و داهاتوویه‌كی سه‌قامگیرتردا بێت".

له‌باره‌ی پرسی مووچه‌شه‌وه‌، بافڵ تاڵه‌بانی داوای له‌ له‌ نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كرد هاوشانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، هاوكار و پشتیوانبێت بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی، پاراستنی مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و به‌كارنه‌هێنانی شایسته‌داراییه‌كانیان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسییه‌كاندا.



PM:03:57:21/12/2024








ئه‌م بابه‌ته 2268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو