هۆشیار زێباری‌ له‌سه‌ر سووتاندنی‌ مه‌زارگه‌كه‌ی‌ حافز ئه‌سه‌د هاته‌ ده‌نگ


وێستگه‌نیوز-
هوشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌ب سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر سووتاندنی‌ مه‌زارگه‌كه‌ی‌ حافز ئه‌سه‌د هاته‌ ده‌نگ و به‌ كارێكی شه‌رمه‌زاركه‌ر و دوور له‌ به‌هاكاتی‌ لاوچاكی‌ ناوی‌ برد.


هوشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌ب سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پلاتفۆرمی‌ (ئێكس) نووسیویه‌تی‌: "سووتاندنی مه‌زارگه‌ی‌ حافز ئه‌سه‌د، سه‌رۆك كۆماری پێشووی سوریا له‌ قه‌رداحه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو مه‌ینه‌تی و هه‌ستكردن به‌ بێتاوانییه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌، كارێكی شه‌رمه‌زاركه‌ره‌ و زۆر دووره‌ له‌ به‌هاكانی لاوچاكی و ئاشته‌وایی بۆ سوریایه‌كی نوێ له‌ ناوخۆی و له‌گه‌ڵ جیهاندا".

ئه‌م نووسینه‌ی‌ هۆشیار زێباری‌ دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ دوێنێ‌ سێشه‌ممه‌ چه‌كدارانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا چوونه‌ ناوچه‌ی‌ قه‌رداحه‌ی‌ پارێزگای‌ لازقیه‌ زێدی‌ له‌دایكبوونی‌ حافز ئه‌سه‌د باوكی‌ به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی‌ هه‌ڵاتووی‌ سوریا و به‌ پێ‌ به‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌یدا ده‌ڕۆیشتن.

ئه‌مڕۆش چوارشه‌ممه‌ چه‌كدارانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر شوێنی گۆڕه‌كه‌ی حافز ئه‌سه‌د و ئاگریان تێبه‌ردا.

دوای زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ له‌ مانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا، به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 8ی كانوونی یه‌كه‌می‌ 2024، حزبی‌ به‌عس ده‌سه‌ڵاتی سوریای له‌ده‌ست دا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆنی سوریا "ئازادكردنی شاری دیمه‌شق و ڕووخاندنی به‌شار ئه‌سه‌د”یان راگه‌یاند.




PM:11:39:11/12/2024








ئه‌م بابه‌ته 12708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت