مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازی هۆشداری‌ ده‌ده‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم


وێستگه‌نیوز-

ئه‌نجومه‌نی سه‌رتاسه‌ریی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازی رایگه‌یاند كه‌ پاڵپشتیی بایكۆتی خۆڕسكانه‌ی چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان ده‌كه‌ین، ده‌شڵێت: "به‌یه‌ك مووچه‌ بایكۆت ناشكێت".

ئه‌نجومه‌نی سه‌رتاسه‌ریی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئه‌مڕۆ پاش زیاتر له‌ (70) ڕۆژ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی مووچه‌كانمان، ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێنی تاڵانكار، هێشتا خۆی له‌ ڕاگه‌یاندنی لیستی مووچه‌ی مانگی (10) ده‌دزێته‌وه‌ و باكی به‌ چاوه‌ڕوانیی و برسێتی و قه‌رزاری مووچه‌خۆران و بێبازاڕیی نییه‌. له‌ كاتێكدا ده‌بوو ئاماده‌كاری بۆ پێدانی مووچه‌ی مانگی (12) بكات".

ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌ڵێت: "لێره‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین: پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ ده‌سه‌ڵات ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگه‌كانی (10 و 11) بكات و واز له‌ سیناریۆكانی ده‌ستی ده‌ستی و درۆ و چه‌واشه‌كاریی بهێنێت؛ ئه‌م كارتانه‌ سووتاون و (ته‌وتین و پله‌به‌رزكردنه‌وه‌)مان له‌بیرنابه‌نه‌وه‌".

ده‌شڵێت: "مووچه‌خۆرانی به‌هه‌ڵوێست، بۆئه‌وه‌ی ئه‌زموونی تاڵانكردنی (3) مووچه‌ی ساڵی ڕابردوو دووباره‌نه‌بێته‌وه‌؛ ناڕه‌زایه‌تیی و چالاكییه‌كانمان فراوانتر ده‌كه‌ین و پاڵپشتیی بایكۆتی خۆڕسكانه‌ی چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان ده‌كه‌ین".

له‌ كۆتاییشدا هۆشداری به‌ ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ده‌ن له‌ زیاتر دواخستنی مووچه‌ و ده‌ڵێن: "له‌ ڕۆژانی داهاتووشدا؛ فشاری نوێ و كاریگه‌ر و سه‌رتاسه‌ریی، له‌ به‌غداد و هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین و به‌ كه‌متر له‌ وه‌رگرتنی مووچه‌ی ئه‌م سێ مانگه‌ و ته‌وتینكردنی مووچه‌كانمان له‌ ڕێی بانكه‌ فیدراڵییه‌كانه‌وه‌، ڕازینابین".

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌مووان چاوه‌ڕوان بوون ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆیدا بڕیاری‌ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ بدات، به‌ڵام دابه‌شكردنی‌ دواخست و وه‌زاره‌تی‌ دارایی راسپارد كه‌ "لە کاتی گەیشتنی هەر بڕە پارەیەکی تر، لە بەغدادەوە بۆ تەواوکاریی مووچە، راستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە بکرێت".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ‌ 11ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌مه‌، به‌ڵام تا ئێستا فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مووچه‌ی‌ هه‌ردوو مانگی‌ رابردوو "تشرینی‌ یه‌كه‌م" و "تشرینی‌ دووه‌م"ی ئه‌مساڵیان وه‌رنه‌گرتووه‌ و هیچ واده‌یه‌كیش بۆ دابه‌شكردنیان دیار نییه.

به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ به‌شێك له‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بایكۆتیات كردووه‌.

 ساڵی‌ پاریش حكومه‌تی‌ هه‌رێم مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی تشرینی یه‌كه‌م 10، تشرینی دووه‌م 11، كانوونی یه‌كه‌م 12ی 2023ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی دابه‌ش نه‌كرد.   


PM:08:41:11/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت