وەزارەتی پلاندانانی هەرێم داوایەک ئاڕاستەی هاوڵاتییانی ناوچەکانی مادەی 140 دەکات


وێستگەنیوز-

وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەماوەی سێ رۆژی قۆناغی دووەمی سەرژمێری، زیاتر لە 100 هەزار کەس پەیوەندیی تەلەفۆنییان بە سەنتەری پەیوەندییەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی سەرژمێری لە دەستەی ئاماری هەرێم کردووە.


ئەمشەو شەممە 23ی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لەماوەی سێ رۆژی قۆناغی دووەمی سەرژمێری، زیاتر لە 100 هەزار کەس پەیوەندیی تەلەفۆنییان بە سەنتەری پەیوەندییەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی سەرژمێری لە دەستەی ئاماری هەرێم کردووە و زۆربەیان کاریان بۆ کراوە، بەڵام به‌شێكى ئه‌م په‌يوه‌ندیيانه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر گوشارى زۆر له‌سه‌ر هێڵه‌كان نه‌توانرا وه‌ربگيرێن".

ئاماژە بەوەکراوە، "لەوەی له‌ماوه‌ى ته‌نها 14 رۆژدا سه‌ره‌ڕاى بوونى ده‌يان ئاسته‌نگى ته‌كنيكى و كێشه‌ى مه‌يدانى، توانرا ئەم قۆناغە بەسەرکەوتووی جێبەجێ بکرێت".

وەزارەتی پلاندانان داوا لەو هاونیشتمانییانەی ناوچەکانی مادەی 140 دەکات "بۆ ته‌واوكردنى ئه‌و ماندووبوون و زه‌حمه‌تییە، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌شدارى له‌ قۆناخى پڕكردنه‌وه‌ى فۆرمى سه‌رژمێرى بکەن، چونكه‌ قۆناغى رابردوو ته‌نها ژماره‌ى خێزان و ئه‌ندامانى نيشان ده‌دا، له‌گه‌ڵ چه‌ند زانيارييه‌كى دیکەی به‌سوود به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى سوودى ته‌واو وه‌ربگيرێت له‌و پرۆسه‌ گه‌وره‌يه،‌ پێويسته‌ فۆڕمى وردى سه‌رژمێرى پڕ بكرێته‌وه‌".

وەزارەتی پلاندانان جەخت دەکاتەوە لەوەی "داوا له‌ هاوڵاتیيانى ناوچه‌كانى ماده‌ى 140 ده‌كه‌ين، ئاماده‌بن بۆ ئه‌و قۆناغه‌ چونكه‌ زۆر گرنگه‌ بۆيان و بۆمان، تاوەكو بتوانين خاڵى سه‌ره‌كیی رێكکه‌وتنمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵ جێبه‌جێ بكه‌ين سه‌باره‌ت به‌ له‌يه‌كبه‌ستنى (مقاطعة) داتاكانى سه‌رژمێرى 2024 له‌گه‌ڵ سه‌رژمێریی ساڵى 1957 و دروستكردنى تۆمارى ناوچه‌كانى مادده‌ى 140، كه‌ ده‌بێته‌ بنه‌ماى جياكردنه‌وه‌ى خه‌ڵكى ره‌سه‌ن له‌گه‌ڵ وافد (هاوردە) و خه‌ڵكى دیکە، بۆيه‌ بوونى ئه‌ندامێكى خێزان له‌و ناوچانه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و فۆڕمه‌ ئێجگار گرنگه‌".




PM:08:57:23/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت