فەهمی بورهان: دوای وردبینی ئەنجامی سەرژمێری پەسەند دەكەین


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 23ی تشرینی دووەمی 2024، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "پڕۆسەی سەرژمێری لەڕووی ئیدارییەوە سەركەوتووبوو، بەڵام كورد هێشتا نیگەرانە لە هەندێك واقع كە دروستكراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ژمارەیەك ناوچە سەرژمێری ئەنجام نەدراوە و لەهەندێك ناوچەی كوردیش تابلێتەكان كاریان نەكردووە".

فەهمی بورهان وتی، "لە زۆرجێگە كە خاڵی هاوبەش بوە لە نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەند سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجام نەدراوە، هەروەها لە ژمارەیەك گەڕەكی خوارووی كەركوك زیادەڕەویكراوە، هەرچەندە نەمان ویستووە زۆر تێبینی بخەینەڕو بۆ ئەوەی ئەو متمانەیەی لە نێوان پێكهاتەكانی كەركوكدا هەیە بمێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئێمە وەك كورد زۆر نیگەرانین".

وتیشی، "كاتێك ئەنجامی سەرژمێری پەسەند دەكەین، كە لیژنە هاوبەشەكەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی پێداچوونەوە و وردبینی بە ناوەكاندا بكەن و لەسەر بنەمای سەرژمێری ساڵی 1957، هەرسێك ناوی لەسەرژمێری 1957دا نەبوو، بەڵام ناوی لە سەرژمێریەكەدا تۆماركرابوو بگوازرێتەوە بۆ ناوچەكەی خۆی، بڕیاریشە تا لیژنەكە كارەكانی تەواو نەكات ئەنجامەكان ڕانەگەیەندرێن".

ئەوەشی خستەڕوو، "رێككەوتن لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند كراوە، ئەوان ئەوكاتە سەرژمێری بە دوا بڕیار وەردەگرن، كە سەرژمێری ساڵی 1957 بە بنەما وەرگیرابێت بۆ سەرجەم ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەوەش لە خانەقینەوەی تا شنگال دەگرێتەوە".


PM:06:59:23/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت