مەسرور بارزانی: زەرەرمەندی گەورە لە هەناردەنەکردنی نەوت هەرێمی کوردستانە


وێستگەنیوز-

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، زەرەرمەندی گەورە لە هەناردەنەکردنی نەوت هەرێمی کوردستانە، ئاماژە بەوەشدەکات، دەبێت کاربکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچەکە.


ئەمڕۆ شەممە 23ی تشرینی دووەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە شاری دهۆک رایگەیاند، "راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانێکی زۆری هەبووە و زەرەمەندی گەورەش هەرێمی کوردستانە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەوەکردەوە، دەبێت کاربکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچەکە، هەروەها پێویستە یاسای نەوت و گاز نوێبکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ رووسیا هەیە، هەروەها ئێران کاریگەریی زۆری لە عێراقدا هەیە".

لەبارەی مەترسی داعش بۆ سەر ناوچەکە مەسرور بارزانی وتی، "تائێستا مەترسی تیرۆر لەسەر ناوچەکەمان هەیە، بۆیە هێشتا پێویستمان بەوەیە هاوپەیمانان شەڕی داعش بکەن، چونکە داعش ئەو بۆشاییەی قۆستەوە کە بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دروستبوو".

وتیشی، "ژنان بەشداری کاریان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام لە عێراقدا هەژاری و نادادپەروەری کاریگەریی لەسەر رۆڵی ژن هەبووە".





PM:04:19:23/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت