زانیاری ده‌رباره‌ی شه‌پۆلی سه‌رما و به‌فربارین له هه‌رێم راگه‌یه‌ندرا
وێستگه‌نیوز-
شاره‌زایه‌كی كه‌شناسی كورد رایگه‌یاند كه شه‌پۆلێكی سه‌رما و به‌فربارین هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه و پله‌كانی گه‌رما به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو نزمده‌بنه‌وه و چه‌ندین رۆژ ده‌خایه‌نێت.
ئاراس جه‌بار شاره‌زای كه‌شناسی له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "سبه‌ی یه‌كشه‌مه 2024/11/24 له كاته‌كانی شه‌ودا ھه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه ده‌كه‌وێته‌وه ژێر كاریگه‌ری نزمه‌پاڵه‌په‌ستۆیه‌كی ساردی جه‌مسه‌ری باكوور كه له رۆژانی رابردوودا به‌شێكی زۆری وڵاتانی ئه‌وروپای گرته‌وه به‌شێوه‌ی شه‌پۆلی سه‌رما و به‌فر بارین".
ئه‌و شاره‌زایه ده‌ڵێت: "سه‌ره‌تا سبه‌ی شه‌و كاریگه‌ریه‌كانی له‌سه‌ر ناوچه‌كانی پارێزگای دھۆك ده‌ستپێده‌كات به چالاكبوونی بای باشوری رۆژھه‌ڵات به‌خێرای 15 - 35 كیلۆمه‌تر له كاتژمێرێكدا و بارانی پچڕ پچڕ و زستانه‌یی به‌رێژه‌یه‌كی مامناوه‌ند و له‌پاشان بۆ دوو سبه‌ی رۆژی دووشه‌مه 2024/11/25 سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی ھه‌رێم به رێژه‌ی جیاواز ده‌گرێته‌وه و پله‌كانی گه‌رما 8 تا 12 پله نزمده‌بێته‌وه".
ده‌شڵێت: "له‌ناوچه شاخاویه‌كان له به‌رزایی 1500 مه‌تر ده‌بێته به‌فر بارینی راسته‌قینه و له‌خوار ئه‌و به‌رزیه‌ش جاروبار بارانه‌كه به‌فری له‌گه‌ڵدا ئه‌بێت".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "زۆرترین رێژه‌ی دابارین له ناوچه شاخاویه‌كان به‌گشتی و سنوری پارێزگای دھۆك و شاخاوی پارێزگای ھه‌ولێر و سنوری پارێزگای سلێمانی و ھه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌ی سۆران و راپه‌رین ده‌بێت، كه‌مترین رێژه‌ش له ناوچه‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیان و پارێزگای كه‌ركوك و سه‌نته‌ری پارێزگای ھه‌ولێر ئه‌بێت".
به‌وته‌ی ئه‌و شاره‌زایه‌ی كه‌شناسی، "كاریگه‌ری شه‌پۆلی به‌فر و بارانبارینه‌كه به‌ره‌به‌یانی رۆژی سێشه‌ممه 2024/11/26 لاواز ده‌بێت و به‌لاوازی به‌رده‌وامی ده‌بێت تا دره‌نگانی شه‌وی سێشه‌ممه له‌سه‌ر چوارشه‌مه 2024/11/27 پاشان كۆتایی پێدێت".
روونیشیكردووه‌ته‌وه كه "له‌م قۆناخه‌ی لاوازبووندا پله‌كانی گه‌رما زیاتر نزمده‌بنه‌وه و ئه‌گه‌ری بارینی به‌فرێكی كه‌م ئه‌بێت له‌و شار و ناوچه شاخاویانه‌ی به‌رزیان زیاتره له 1200 مه‌تر به نمونه سه‌نته‌ری شاری پێنجوێن و شاخه‌كانی شاری سلێمانی گۆیژه و ئه‌زمه‌ر ئه‌گه‌ری به‌فر بارینیان ده‌بێت".
له به‌شێكی تری راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاراس جه‌بار ده‌ڵێت: "له‌ماوه‌ی كاریگه‌ری ئه‌م شه‌پۆله‌دا ئه‌گه‌ری بارانی به‌خوڕ و لافاو نابێت و جیاواز له حاڵه‌ته‌كانی پێشتر بارانێكی له‌سه‌رخۆ و زستانه‌ییه رێژه‌كه‌شی مامناوه‌ند ئه‌بێت و ئه‌گه‌ری دروستبوونی ھه‌وره بروسكه‌ش لاواز ئه‌بێت بۆیه ئه‌و ده‌نگۆیانه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه كه باس له‌بارانی به‌خور و لافاو ده‌كه‌ن".
راشیگه‌یاندووه كه "دوای به‌فر و بارانه‌كه ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری روونه‌دات له رۆژی چوارشه‌مه‌وه 2024/11/27 تا ماوه‌ی 10 رۆژێك ناوچه‌كانمان له‌ژێر كاریگه‌ری وشكه سه‌رمادا ئه‌مێنێته‌وه و له‌شه‌واندا پله‌كانی گه‌رما بۆ نزیك یان سفر پله داده‌به‌زن و له‌ناوچه شاخاویه‌كانیش چه‌ند پله‌یه‌ك بۆ خوار سفر و به‌گشتی كه‌شێكی سارد و زستانه ده‌ستپێده‌كات".
PM:02:59:23/11/2024
ئه‌م بابه‌ته 2640
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت