رێبه‌ر ئه‌حمه‌د: به‌ته‌نیا ناتوانین رووبه‌ڕووی‌ تیرۆر ببینه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند به‌ته‌نیا ناتوانن رووبه‌ڕووی‌ تیرۆر ببنه‌وه‌، ده‌شڵێت: "ده‌بێت جارێكی دیكه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی رێك بخه‌ینه‌وه‌".


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 23ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2024 رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ پانێلی یه‌كه‌می دووه‌م رۆژی پێنجه‌مین كۆڕبه‌ندی مێپس24 له‌ دهۆك، رایگه‌یاند كه‌ "پێش ساڵی 2014، ئه‌وكات له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش كارمان بۆ ئاسایشی نیشتیمانی ده‌كرد، ئه‌وكاته‌ زانیاریمان هه‌بوو كه‌ داعش و قاعیده‌ له‌ سوریا و  سنووره‌كانی ئێمه‌ زۆر چالاك بوون؛ ئه‌و كاته‌ی هاتنه‌ عێراق، بیرمه‌ مه‌سعود بارزانی نامه‌یه‌كی دایه‌ سه‌ركرده‌كانی عێراق له‌ به‌غدا و پێی‌ راگه‌یاندن كه‌ ره‌وشه‌كه‌ له‌ نه‌ینه‌وا و به‌غدا له‌ ژێر كۆنترۆڵدا نییه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نامه‌ و ئاماژه‌كه‌یان به‌جددی وه‌رنه‌گرت".

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وتی: "ئێمه‌ بینیمان شار دوای شار ده‌كه‌وت و ده‌كه‌وتنه‌ ژێر كۆنترۆڵی داعشه‌وه‌، له‌وكاته‌دا داعش ده‌یویست ناوچه‌كانیان فراوان بكه‌ن، هه‌روه‌ها كه‌ سه‌ڵاحه‌دین و فه‌لوجه‌ و ئه‌نباریان كۆنترۆڵ كرد و هاتنه‌ ده‌ورووبه‌ری به‌غدا و پاشان ویستیان هه‌رێمی كوردستان كۆنترۆڵ بكه‌ن".

وتیشی‌:"پێشمه‌رگه‌ ده‌ستی كرد به‌ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داعش له‌و شوێنانه‌ی كه‌ نزیكی دهۆك و هه‌ولێر بوون، هه‌روه‌ها بڕیاری دروست بوونی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان بڕیارێكی دروست بوو كه‌ له‌لایه‌ن ئۆباماوه‌ درا"،

باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ "له‌وكاته‌دا هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان پێك هات كه‌ 18 وڵات هاتنه‌ ناو هاوپه‌یمانییه‌كه‌، ئه‌و كات به‌ هه‌موومان، واته‌ پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق و هاوپه‌یمانان رووبه‌ڕووی داعش بووینه‌وه‌، ئه‌وكات ئاسانیش نه‌بوو چونكه‌ پێنج یه‌كه‌ی سوپای عێراق كه‌وتبوون و چه‌كه‌كانیشیان كه‌وتبوونه‌ ده‌ستی داعش".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ "هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان زۆر كاریگه‌ر بوون، ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم، پێشمه‌رگه‌ فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی بوو له‌ وه‌ستاندنی داعش، چونكه‌ گیانیان به‌خت كرد، هه‌رچه‌نده‌ چه‌كێكی كه‌میان له‌ده‌ستدا بوو، به‌ڵام ئیراده‌یان هه‌بوو، داعش له‌ هه‌موو شوێنێك بڵاو ده‌بوونه‌وه‌، تاكه‌ شوێن كه‌ وه‌ستێندران له‌ سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوو".

له‌ به‌شێكی‌ تری‌ لێدوانه‌كه‌یدا وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم وتی:"له‌ ماوه‌ی رابردوودا دوو لیوای هاوبه‌شمان له‌ پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق پێك هێنا و كاری باشمان كردووه‌ و ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شیشمان كردووه‌ له‌و ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منیان تێدایه‌".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "له‌ باشووری كه‌ركوك بۆشایی ئه‌منیی زۆر هه‌یه‌ له‌ نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌، ئه‌و ئاماژانه‌ش ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت، كه‌ ده‌بێت هه‌ماهه‌نگیی هه‌بێت له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی".

جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ "ده‌بێت جارێكی دیكه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی رێك بخه‌ینه‌وه‌، ناتوانین به‌ته‌نیا رووبه‌ڕووی تیرۆر ببینه‌وه‌، چونكه‌ تیرۆر ته‌نیا له‌ عێراق نییه‌، به‌ڵكو له‌ سوریا و هه‌ندێك وڵاتی دیكه‌ش هه‌یه‌."

راشیگه‌یاند كه‌"په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق، له‌ڕووی ئه‌من و ئاسایشه‌وه‌، له‌سه‌ر ئاستی جیاوازه‌، هه‌روه‌ها تێگه‌یشتنێكی باش  له‌ نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌. ئه‌من و ئاسایش دۆسیه‌یه‌كه‌ دابه‌ش ناكرێت، هه‌روه‌ها ناتوانین له‌ ئه‌من و ئاسایش نێوده‌وڵه‌تی جیای بكه‌ینه‌وه‌، به‌یه‌ك چاویش سه‌یری ئه‌من و ئاسایشی دروسێكانیشمان ده‌كه‌ین".


AM:11:32:23/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت