وتەبێژی هێزەکانی 70 بۆ وێستگەنیوز: بە بانکی کردنی مووچەکانمان لە بانکە فیدراڵییەکانی عێراق دەکەین


وێستگەنیوز_

وتەبێژی هێزەکانی 70 رایدەگەیەنێت، بە بانکی کردنی مووچەکانیان لە بانکە فیدراڵییەکانی عێراق دەکەن و بڕیارەکەش هەموو هێزەکانیان دەگرێتەوە.

ئەمرۆ سێشەممە 8ـی 10ـی 2024، لیوا ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی هێزەکانی 70ـی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "هەتا ئێستا هیچ مووچەخۆرێکمان بەشداری پرۆژەی 'هەژماری من'ـی نەکردووە و لە داهاتووشدا نایکات."

ئەحمەد لەتیف لە وەڵامی پرسیارێکی عومەر ئەحمەد، پەیامنێری وێستگەنیوز سەبارەت بەدەنگۆی بە زۆرەملێ پڕکردنەوەی 'هەژماری من' بە پێشمەرگەکانیان، رایگەیاند: هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە دەڵین بە زۆرەملێ هێزەکانی 70، 'هەژماری من'ـیان لە ماوەکانی رابردوودا پڕکردووەتەوە؛ شتی وا بە تەواوی دوورە لە راستییەوە."

جەختیشی کردەوە لەوەی، "بە بانکی کردنی مووچەکانمان لە بانکە فیدراڵییەکانی عێراق دەکەین و بەشداری پرۆژەی هەژماری من ناکەین."

لە شوباتی 2022ـدا حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی 'هەژماری من'ـی راگەیاند.
 
حکومەت دەڵێت، لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەوە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارەڕاکێشان (ATM)ـەوە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات، ئەوەش ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان دەکات. 

هاوکات، بەرپرسانی پرۆژەکە ئەوەیان خستووەتەڕوو، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 600 هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەی 'هەژماری من' تۆمارکراون و بڕیارە کارتی بانکییان بۆ دروستبکرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە رێگەی بانکییەوە مووچە وەربگرن.


AM:10:03:08/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 1688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت