‌كاریگەریەكانی دەرزی كوتانی هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی

وێستگە ستایل-



وێستگە ستایل-

لەبارەی ئەوەی كە ئایا جۆرەكانی ڤایرۆسی ( هەوكردنی جگەر ) كە بریتین لە جۆرەكانی (A,B,C) كامیان كوشندەو مەترسیدارترن.
دكتۆر ئاراس لەتیف پسپۆری ووردی نەخۆشییەكانی هەرس و جگەر بۆ سایتی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی"dohsuli" دەڵێت:" ڤایرۆسی جۆری (ئەی) بەزۆری لە منداڵدا دەبێت و زۆرجار نەخۆشەكە سەلامەت دەبێت و ماوەیەكی كەمیش دەخایەنێت و هەندێكجار بەبێ وەرگرتنی دەرمان چاك دەبێتەوە، بەڵام ڕویداوە كە ئەم جۆرەش كەوا پێشبینی دەكرێت كە جۆرێكی باش بێت و مەترسی كەم بێت هەندێك جار هەوكردنێكی بەهێز دروست دەكات كە ئەبێتە هۆی لەكاركەوتنی جگەرو مردن بەهۆیەوە ڕویداوە.

بەڵام جۆری (بی و سی) ئەم دوو جۆرە زیاتر مەترسیدارترن، لەبەرئەوەی دەبنەهۆی نەخۆشی درێژخایەن ئەگەر بێت و زوو دەستنیشان نەكرێت ئەوا لەخوێنی نەخۆشەكەدا دەمێنێتەوەو ئەبێتەهۆی لەكاركەوتنی جگەر، حگەریش یەكێكە لەو ئۆرگانانەی لەش كەپێویستە بۆ ژیانكردن، كاتێك كە جگەر پەكی بكەوێت و نەتوانێت كارەكانی خۆی ئەنجام بدات مەترسی لەسەر ژیانی كەسی نەخۆش دروست دەكات، ئەو كات دەبێـت چاندنی جگەر بۆ نەخۆشەكە ئەنجام بدرێت ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دی ئەم ڤایرۆسانە ئەگەربێت زوو چارەسەر نەكرێت هەندێك جار ئەبێتە هۆی دروست بوونی شێرپەنجەی جگەر".

دەربارەی ئەوەی كە لەئێستادا زیاتر هەست بەڕێژەی نەخۆشییەكە دەكرێت وەك لە ساڵانی ڕابردوودا، دكتۆر ئاراس لەتیف ڕونیكردەوە:" خۆی ناتوانین بڵێین ئێستا لەچاو ڕابردوودا نەخۆشییەكانی هەوكردنی جگەر زۆرترە، لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:

یەكەم: لەڕابردودا شتێكمان نەبووە پێی بوترێت پشكنینی پێش وەخت بۆ نەخۆش، لەبەر ئەوەی ژمارەیەكی زۆر نەخۆش هەڵگری ڤایرۆسەكەش بوون و پێی نەزانراوە، ئێستا زۆر نەخۆش هەیە كە تەمەنیان لەنێوان (60 - 75) ساڵیدایە هەوكردنی جگەری هەیە، یەكێكی دی لەوهۆكارانەی كە لەڕێیەوە دەتوانرێت ئەمڕۆ باشتر ڤایرۆسەكە بدۆزرێتەوەو دەستنیشان بكرێت ئەویش پشكنینی پێش هاوسەرگیرییە كە هەموو پرۆسەیەكی هاوسەرگیری لە دادگا واژووی لەسەر ناكرێت ئەگەر بێت و ئەو پشكنینە ئەنجام نەدەن، هەروەها هیچ جۆرە نەشتەرگەریەك ئەنجام نادرێت بۆ هیچ كەسێك هەتا پێش وەخت پشكنین ئەنجام نەدات و لەگەڵ ئەمانەشدا هیچ خوێنێك وەرناگیرێت لە هیچ كەسێك و ناكرێتە جەستەی هیچ نەخۆشێكەوە هەتا ئەم پشكنینەی بۆ نەكرێت، ئەم پرۆسانە ئەوەمان پیشان دەدات كەخەڵكانێكی زۆر دەكرێت ڕۆژانە لەم ڕێگایانەوە بزانرێت كە هەڵگری ئەو ڤایرۆسانەن یاخود نا".

لەبارەی جۆری چارەسەركردنەكان و خۆپاراستن لە توشبوون بە نەخۆشییەكانی هەوكردنی جگەر ئەو پزیشكە پسپۆڕە دەشڵێت:" لەجۆری (بی) دا دەتوانین چالاكی ڤایرۆسەكە ڕابگرین ئەویش بەدەرمان و چارەسەر پزیشكی، بەڵام نەخۆشەكە چاك نابێتەوە بەڵام دەتوانرێت ڕێگر بێت لە ڕودانی ماكەكانی ئەم نەخۆشییە وەكو ( بەمۆم بوون، شێرپەنجەی جگەر)، بەڵام لە جۆری (سی )دا خۆشبەختانە ئێستا دەرمانی بۆ دۆزراوەتەوە و بەبەكارهێنانی ئەو دەرمانە نەخۆشەكە چاك دەبێتەوە .

بۆ خۆپاراستن لەم حاڵەتە پێویستە هاوڵاتیان كوتانی بۆ ئەنجام بدەن، هەركەسێك ئەم كوتانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر ئەنجام بدات بەڕێژەی (90% - 95%) مەترسی توش بون بە نەخۆشییەكەی لەسەر نامێنێت ".

ئا/ ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
 


PM:02:40:07/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 1429 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌