‌هۆكار و نیشانه‌ و چاره‌سه‌ری نەخۆشی پاقلە

وێستگە ستایل-

نەخۆشی پاقلە جۆرێكە لە نەخۆشی كەم خوێنی، نەخۆشییەكی بۆماوەییە، لە سەرانسەری جیهاندا دەبینرێت بەڵام بە تایبەتی لە باكووری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ووڵاتانی دەریای ناوەڕاست زۆرە، نزیكەی چوار سەد ملیۆن كەس لە سەرانسەری جیهاندا نەخۆشی پاقلەیان هەیە، كوڕ زۆرتر لە كچان تووشی ئەو نەخۆشییە ئەبن، نەخۆشییەكە بەستراوە بە توخم، چەندەها جۆری هەیە هۆكاری دەروروبەر و هۆكاری بۆماوەیی دەوریان هەیە لە دەركەوتنی نەخۆشییەكە، دکتۆر فەرمان پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتر باسده‌كات.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت"نەخۆشی پاقلە لە ئەنجامی نەبونی ئەنزیمێك دروست دەبێت كە خرۆكە سورەكان دەپارێزێت لە شیبوونەوە، كە پێیدەووترێت:(ئەنزیمی – 6 – فوسفێت دیهیدروجینیز،(Glucose – 6 – Phosphate – Dehydrogenase Enzyme (G6PD)."

نیشانەكانی:
1- كەسی تووش بوو بەو نەخۆشییە زۆربەی كات هیچ نیشانەیەكی نییە، نیشانەكان یەكسەر سەرهەڵ دەدات كاتێك كەسەكە ڕووەكی پاقلە بخوات یان دوای ماوەیەكی كورت لەوانەیە چەند خوولەكێك یان چەند سەعاتێكی كەم نیشانەكانی دەردەكەون.
2- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش.
3- زەرد هەڵگەڕان و دەم و چاوی سپی باو دەبێت.
4- سەر ئێشان.
5- زیاد بوونی لێدانی دڵ و دڵە كووتە.
6- ئازاری ناو سك و پشت.
7- ھەندێك جار نیشانەی زەردوویی دەرئەكەوێت لەسەر كەسی تووشبوو.

پشكنینی پێویست:
1-پشكنینی میز بۆ زانینی ئەوەی خوێنی تێدایە.(Haemoglobinuria).
2- پشكنینی تەواوی خوێن (FBC)، كە لە خوێنی نەخۆشەكە نیشانەی تێكشكانی خڕۆكە سورەكان دەبینرێت و نەخۆشەكە كەم خوێن دەبێت.
3- پشكنینی ڕێژەی خوێن دروست بوون(Reticulocyte count).
4- ڕێژەی بیلڕوبین لە خوێن زیاد دەبێت (Indirect Bilirubin).
5- پشكنینی چالاكی جگەر (LFT) ئاسایی دەبێت.

چارەسەركردن :
لەبەرئەوەی نەخۆشییەكە بۆماوەییە، لەبەر ئەوە هیچ چارەسەرێكی نییە تەنیا ئەوە نەبێت، كە دەبێت خۆمان لە هۆكارەكانی بپارێزێت.
1-دووركەوتنەوە لە خواردنی پاقلە.
2- نەچێتە ناو كێڵگەی كە پاقلەی تێدا دەچێنرێت.
3-نەخواردنی هەندێك دەرمان، وەك: دەرمانەكانی مەلاریا(Primaquine)، دەرمانی سەلفا، ئەسپرین، كینین(Quinine)، دەرمانە ژان لابەرەكان(NSAID)، كوینیدین(Quinidine)، نایترۆفیورانتۆین(Nitrofurantoin).


PM:08:46:29/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌