‌غودەی ژەهراوی چیە؟

وێستگە ستایل-

زاراوەی (ژەهراوی بون) دوو مانای هەیە، یەکەم واتە ماددەیەکی زیانبەخش بەرجەستەی مرۆڤ دەکەوێت، یان دەیخوات بەهەر جۆرێکو مەبەستێک بێت و لەهەر چۆنیەتیێک دابێت، مانای دووەمی ئەوەیە مادەیەکی ئاسایی کە پێویستە بۆ مرۆڤ وەکو خواردن یان دەرمان بەڕێژەیەکی دیاریکراو، بەڵام کاتێک بەڕێژەی زۆر زیاتر لە پێویست بەکاردەهێنرێت ئەوا دەگوترێت بەو ماددەیە ژه‌هراوی بووە.

دکتۆر یوسف پزیشكی نه‌خۆشی هه‌ناوی ده‌ڵێت"ژه‌هراوی بونی غودە لە مانای دووەم دا دەناسرێتەوە، واتە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر لە پێویستی ئاسایی لە ڕێژراوی غودەی دەرەقی دروست دەکرێت و دەردەدرێت، هۆڕمۆنی سایرۆکسین کە ڕێژراوی غودەی دەرەقییە زۆر زیاتر لە پێویستی لەش فڕێدەدرێتە ناو خوێن، لە حاڵەتی غودەی ژه‌هراوی یان غودەی سەریع کە چاکتر وایە پێی بگوترێت (پڕکاری قوڕگە گلاند، فرە ڕژێنی گلاندی دەرەقی) ئەو نیشانانە ڕودەدەن."

1-دڵە کوتە
2-ئارەقەکردنێکی زۆر
3-لاواز بون و کێش دابەزین
4-گەرم داهاتنی لەش
5-سکچون
6-دڵەڕاوکێ و ترس و لەرزین

ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوا ڕەنگە ئەو ماکانەی خوارەوەی لێ بکەوێتەوە.
1-تێکچون و  ناڕێکی لێدانی دڵ
2-چاو دەرپەڕین و چاو سوربونەوەو ئاو پێداهاتن
3-کەم بینایی
4-جاری وا هەیە پەک کەوتنی دڵی لێ پەیدا دەبێت


چۆن غودەی ژه‌هراوی چارەسەر دەکرێت ؟
سێ ڕێگای چارەسەر کردن هەن بۆ ئەو نەخۆشیه‌
-بەکارهێنانی حەب و دەرمانی پێویست لەهەمویان زیاتر کاری پێ دەکرێت، حەبی میسیمازۆڵ، یان کاربیمازۆڵ بەڕێنمایی پسپۆری هۆرمۆن و کوێرە گلاندەکان.

-ڕێگای دووەمی چارەسەر کردن بریتیە لە خواردنەوەی یۆدی تیشکاوەر، کە ئێستا لەهەرێمی کوردستان بەربڵاو نیە، بەڵام ڕێگەیەکی ئاسانە هەرچەندە دەبێتە هۆی سست بونی غودە لەدواڕۆژدا.

-ڕێگای سێیەمی چارەسەرکردن بریتیە لە لابردنی بەشێک (یان هەمو) لەغودەکە بەنەشتەرگەری.

پێویستە ژه‌هراوی بونی غودە زو دەستنیشان بکرێت و چارەسەری پێویستی پێبدرێت بۆ ڕێگەگرتن لە ئاڵۆزکارییەکان.


PM:08:00:25/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌