‌پزیشكێك: له‌ پارێزگای سلێمانی ته‌نیا %19 ی منداڵان ڤاكسینی سورێژه‌یان وه‌رگرتوه‌

وێستگە ستایل-

به‌گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، هەرێمی كوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، کەمتریین رێژەی کوتانی دژ بە نەخۆشیی درمیی ڤایرۆسیی سورێژە (سۆریکە) یان پێکوتەی سیانیی MMR( سورێژە، ملەخڕێ یان گێ رەپە و سورێژەی ئەڵمانی)ی تێدا کراوە، بە تایبەت لە پارێزگای سلێمانی، لە یەکەم رۆژی هەڵمەتی نیشتمانیی پێکوتەی سورێژەوە تاوەکو ئێستا، تەنیا 19%ـی منداڵان ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە، زۆرترین کوتان لە پارێزگاکانی باشووری عێڕاقە. 

له‌و باره‌یه‌وه‌ دكتۆر زانا پسپۆڕی وردی کۆئەندامی هەناسە و سییەکان،چەند پەیامێکی زانستیی دروستی باسكردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیان له‌باره‌ی‌ نەخۆشیی سورێژە و ڤاکسینی سورێژە زانیاری زیاتریان هه‌بێت.

یەکەم - نەخۆشیی سورێژە، بە خێراترین نەخۆشیی درمیی ڤایرۆسی دادەندرێت، زۆر خێرایە لە بڵاوبوونەوە و ئەگەر کەسێک بەرکەوتەی لەگەڵ 10 کەسدا هەبێت ، ئەوا نۆیان تووشی هەوکردن بە ڤایرۆسەکە دەبن، لە سوورێژەدا هەوکردنی سییەکان و مێشک، بە هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدان دادەنرێن.

دووەم - پێش دۆزینەوەی ڤاکسینی سورێژە لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوو، نەخۆشییەکە بە یەکێک لە سەختترین نەخۆشییە درمییەکان دادەنرا و رێژەیەکی زۆر لە تووشبووان یان گیانیانلەدەستدەدا یان تووشی ماکە درێژخایەنەکانی نەخۆشییەکە دەبوون. ژمارەی مردن بەهۆی نەخۆشییەکەوە بەتایبەت لە جیهانی سێیەم، ساڵانە 2.5 ملێۆن منداڵ بوو، ئێستا و پاش دۆزینەوەی ڤاکسینی سورێژە، رێژەکە کەمترە لە 140 هەزار مردن لە ساڵێکدا.

سێیەم - تەنیا ڤاکسین دەتوانێت بە تەواوی کۆتایی بە نەخۆشییەکە بهێنێت، بەجۆرێک دەبێت زیاتر لە 90%ی ئەو منداڵانەی کە پڕۆگرامی ڤاکسینەکە دەیانگرێتەوە، ڤاکسینەکە وەربگرن.

چوارەم - ڤاکسینی سورێژە یان ڤاکسینی سیانی، ڤاکسینێکی سەلامەتە، ئەو باوەڕەی کە دەگوترێت منداڵ تووشی ئۆتیزم دەکات، هیچ بنەمایەکی زانستیی نییە، بە پێچەوانەوە ئەو منداڵانەی کە تووشی هەوکردنی سورێژە دەبن و تووشی ماکەکانی نەخۆشییەکە دەبن لەسەر کۆئەندامی مێشک و دەمار، رێژەی تووشبون بە ئۆتیزم تێیاندا بەرزترە.

پێنجەم - هەندێک گروپ لە منداڵان نابێت ڤاکسینی سورێژە وەربگرن، ئەوانیش وەکو: ئەوانەی هەستیاریی توندیان بەرامبەر پێکهاتەی ڤاکسینەکە هەیە و ئەوانەی سیستمی بەرگریی لەشیان بەهەر هۆکارێک کەمبووبێتەوە وەکو (تووشبووانی شێرپەنجە، ئەوانەی دەرمانی کەمکردنەوەی بەرگریی جەستە بەکاردەهێنن یان چاندنی ئەندامێکیان بۆ کراوە.

شەشەم - بڕوات بە زانست هەبێت و گوێ لە کەسانی نابەپرس مەگرە، دڵ لە دڵ مەدە و تاوەکو زووە هەوڵ بدە منداڵەکەت بەشداربێت لەو هەڵمەتە نیشتمانییە و ڤاکسینەکە وەربگرێت.


PM:06:32:24/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌